کێشەکان قوڵتر بوونەوە؛ سکاڵای یاسایی دژی نوری مالیکی تۆمارکرا
ژنە پارێزەر زەینەب جاسم باقر، لە دادگای کەرخ لە بەغداد، سکاڵای لەسەر نوری مالکی، سەرۆکی ئیتلافی دەوڵەتی یاسا تۆمار کرد، بەرامبەر ئەو تۆمارە دەنگیانەی کە بڵاوکراونەتەوە.
ئەو پارێزەرە دەڵێ، قسەکانی مالکی ئاگری ناکۆکی و فیتنە و شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێت و دەڵێت مالکی لە تۆمارە دەنگیەکاندا هێرشی کردۆتەوە سەر سوپا و پۆلیسی عێراق.
لە نوێترین تۆماری دەنگیی دزەپێکراودا، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی یاسا دەڵێت، قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە و دژی موقتەدا سەدر شەڕ دەکات.
لە تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە بەشی چوارەمەوە و تازە بڵاوکراوەتەوە تێیدا دەڵێ، “قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە، بۆ رووبەڕووبوونەوە و شەڕ لە دژی موقتەدا سەدر هێرش دەکەینەسەر نەجەف.”
مالیکی دەشڵێت، ” ھەرکەسێک بەرگری لە خۆی دەکات، منیش بەرگری لە خۆم دەکەم، متمانەم بە سوپا و پۆلیس نییە، بەڵکو خۆم پڕچەک دەکەم و شەڕ دەکەم، دەبابە و زرێپۆش و درۆنمان هەیە.”
مالیکی، هێرش دەکاتەسەر بەرپرسانی حەشدی شەعبی و دەڵێت، “حەشدی شەعبی لەلایەن ترسنۆکەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە.”