بەپێی راگەیەنراوێكی كۆمپانیای (گیپسۆن دان)ی ئەمریكیی تایبەت بە یاسای نێودەوڵەتی لەبارەی كێشەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، بە ڕەچاوكردنی ماددەكانی دەستووری عێراق و یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، دۆسیەی ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ”دۆسیەیەكی بەهێزە بە ڕادەیەك كە دەتواندرێت دۆسیە لەسەر حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەرز بكرێتەوە“.
کۆمپانیای گیبسۆن دەنی ئەمریکی پێیوایە، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ “هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەغدا رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکاتەوە.”
لە نوێترین شیکردنەوەی یاساییدا بۆ ئەو بابەتە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەر دادگەیەکی نێودەوڵەتی سکاڵا دژی حکومەتی عێراق بەرزبکەنەوە ئەوا رووبەڕووی لێپێچینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە و زیانی دەیان ملیار دۆلاریشی پێدەگات.
گیبسۆن دەن دەڵێت، یەکەم، لەڕووی یاساییەوە، دەکرێت عێراق لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، چونکە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بریتییە لە “پێشێلکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان” کە لەسەر بنەمای “گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان” کراون؛ ئەوەش رێگە بە کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات لە دادگە نێودەوڵەتییەکان سکاڵا دژ بە عێراق تۆمار بکەن.
خاڵی دووەم تایبەتە بە بڕگەی “جێگیرکردن و سەقامگیرکردن” کە لەنێو گرێبەستی نەوتی “نموونەیی” هەرێمی کوردستاندا هەیە.
هەرێمی کورستان و کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان گرێبەستی نەوتی نموونەییان واژۆکردووە و تێیدا بڕگەیەک بەناوی “جێگیرکردن و سەقامگیرکردن” هەیە؛ ئەو بڕگەیە مەرجە دارایی و ئابوورییەکانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان “جێگیر و سەقامگیر” دەکات و هەر رێکارێک کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەو مەرجانەدا ماف دەداتە کۆمپانیاکان دژی لایەنی بەرامبەر کە لەم کەیسەدا
وەزارەتیی نەوتی عێراقە، سکاڵا تۆمار بکەن.
خاڵێکی دیکە کە لە راپۆرتە یاساییەکەی کۆمپانیای گیبسۆن دەن ئاماژەی پێکراوە، بابەتی دەستووری عێراقە.
گیبسۆن دەن دەڵێت، بەگوێرەی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان “بەشێکی دامەزرێنەری عێراقە” و لەسەر ئەو بنەمایەش سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی کە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان واژۆی کردوون بریتین لە “چالاککردنی دەسەڵاتی سەروەریی عێراق” و ئەو خاڵەش لە دوا بڕیاری دادگەی باڵای دادوەریی بەریتانیا تایبەت بە دوو کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان چەسپێندرا.
دادگەی باڵای دادوەریی بەریتانیا گرێبەستی دوو کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستانی بە “یاسایی” ناوبرد و رایگەیاند، ” گرێبەستەکان لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی سەروەریی حکومەتی عێراقن.”
گیبسۆن دەڵێت: “چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵاکانی دژی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دادگەی دادوەریی باڵای بەریتانیا بەرز بکاتەوە و کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانیش دەتوانن پشت بەو بڕیارەی پێشووی ئەو دادگەیە ببەستن”.