وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ئاشكرای كرد، بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی گواستنەوەی گشتی دابینکردنی بەنزینی 690 دیناریی، بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە کە بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان، كەمال محەمەد ساڵح و وەزیری سامانە سروشتییەكان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی كرد، هاتووە: “لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەڕێوەبەرانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانی كوردستان ئامادەی بوون، بڕیاردرا رۆژانە سێ ملیۆن بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین دابین بکرێت بە كوالێتی و مواسەفاتێكی باش”.
لە راگەیاندراوەكە ئاماژە بەوەش كراوە: “تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پاڵپشتیكردنی كەرتی گواستنەوەی گشتی بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت بەنرخێکی پاڵپشتیکراو بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی بەنزینی 690 دیناریی”.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری سامانە سروشتییەکان سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد كە لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا نۆ ملیۆن لیتر بەنزینی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکانی کوردستاندا دابینكردووە و رۆڵی لەكۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین هەبوو.
جەخت كراوەتەوە: “وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای لە لێژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچوونی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینی کرد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو دەستنیشان و سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش بکەن کەبەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن.
دوێنێ دووشەممە 20ی6ی2022، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەنزینی 800 دیناری خۆی 1200دینار لەسەر حکوومەت دەكەوێت، واتە ئێمە 400 دینار پاڵپشتیی دەکەین، تاوەکوو هەرزانتر بگاتە دەستی هاووڵاتییان”.
وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، سەبارەت بە کوالێتیی بەنزینە 800 دینارییەکە گوتی: “مواسەفاتی ئەو بەنزینە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند واژۆ کراوە و باشترین مواسەفاتە و هیچ کێشەی کوالێتیی نییە”.
ئاماژەی بەوەش دا: “هەندێک کەس، کە لە بازرگانیی ئەوان دراوە، یان ئیشوکاری ئەوان کەم بووەتەوە، پڕوپاگەندە دژی بەنزینی 800 دیناری دەکەن، بەڵام پشکنینەکانی ئێمە دەرخەری باشیی بەنزینەکەن”.
وهزیری سامانه سروشتییهكان به وهكالهت راشیگەیاند: “وێڕای دابهشكردنی بهنزین به نرخی 800 دیناری، بەنزینی 690 دینارییش ههر دهمێنێت”.