ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢ و لە سەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دا کار دەکەن بانگ کرد (استدعاء). لەوانەش کۆمپانیای DNO)، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن(، کە  گرێبەستەکانیان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گازی کوردستان واژوو کراوە و ئەو یاسایەش بە پێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.   

بانگ کردنی دادگای (الکرخ)، دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاساییە، کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگایەکی بەغدایە کە خۆی بە “دادگای باڵای فیدراڵی” ناودەبات. ئەو بەناو “دادگای باڵای فیدراڵی”یە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢  و بە پاڵنەرێکی سیاسی بۆچوونێکی دەرکرد کە مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی کوردستان بووە، کە هیچ دادگایەک لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.

ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و بڕیاری ١٥ی شوباتیان ڕەتكردەوە. ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی دادوەری کە باڵاترین دامەزراوەی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا پشتگیری لە ڕەوایەتی یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ كرد و ڕایگه‌یاند، بە پێی مادده‌ی 92 / بڕگەی دووەم لە ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ، پێویستە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌ربكات، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە “دادگای باڵای فیدراڵی” بە پێی دەستوور دانەمەزراوە، کەواتە هیچ دەسەڵاتێکی دەستوری نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بە بەرکاری دەمێنێتەوە.

لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵایەکی یاسایى لە دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی تۆمار كرد، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لە ڕێگەی ترساندن و هەراسانكردنی ئەو کۆمپانیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن. بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە بە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە، مەبەستی ترساندنی و دەستوەردان لە مافی ئەو کۆمپانیایانە بووە لە گرێبەستەکانیان لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا كە ئەو داوایانەى لە دادگای بازرگانی (الکرخ) لەدژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆمار كراون، دەبێت بهێنرێنە دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر، بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بۆ ئەو سكاڵا تاوانكارییە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. هەروەها دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیاریدا هەر داوایەكی یاسایی لە دادگای (الکرخ)  کە بۆ ئەو مەبەستە تۆمارکراوە دوابخرێت، ئەوەش بە پێى یاسای بنەماکانى دادگایى کردنى سزایى  ژمارە (٢٣ ی سالی ١٩٧٩) عێراقی، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق کارەکانی دادگای مەدەنی ڕابگرێت تاوەکو ڕێکارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت. تەنانەت لە دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بە ماددەی (٣٨) لە یاسای دادبینى شارستانى عێراقى ژمارە(٨٣ ی ساڵی ١٩٦٩) و بە پێی تایبەتمەدێتى شوێن (اختصاص مکانی)، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەکانى هەرێمى کوردستان دادبینى بۆ بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت، چونکە کۆمپانیا داوا لێکراوەکان هەر هەموویان لە کوردستان تومار کراون و لە کوردستان کار دەکەن.

هەروەها لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، وەزیری سامانەسروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایەکی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ تۆمار كرد. بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە بۆ کۆمپانیاکان کە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی کۆمپانیاکان لەو گرێبەستانەی کە لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

13 حوزەیران 

ھەواڵی زیاتر