مەسرور بارزانی سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد و لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەکانیان بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خستەڕوو. وەزیری کشتوکاڵ، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد کە گرنگی و بایەخێکی زۆر بە بووژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی ناوخۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەدات. 
پاشان سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، وێڕای ئاماژەدان بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، لە گرنگیدان بە کشتوکاڵ وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز.بەتایبەتیش چونکە خوای مەزن سروشتێکی جوان و خاکێکی بەپیتی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە و پێویستە بە باشترین شێوە، سوودی لێ وەربگرین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان و گەشەپێدانی ئابووری. 
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و پشتگیریکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی و بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، ئاماژەشی بەوەدا کە لە هەموو سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتانە، يەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەرووبوومی ناوخۆیی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە گرنگیی بەفیڕۆنەدانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و بایەخدان بە بەنداوەکان و گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداوی نوێ کرد، چونکە بەنداوەکان جگە لە سوودی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی کارەبا، دەکرێ وەک پڕۆژەی گەشتوگوزاریش سوودیان لێ وەربگیرێت. بۆیە ئەرکی سەرەکی حکومەت و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانە بەگشتی، پارێزگاری لە سامانی ئاو بکەن و بەفیڕۆی نەدەن .
سەرۆکی حکومەت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکان و لە بەرچاوگرتنی مەرجە ژینگەییەکان لە بیناسازی و پاراستنی دارستانەکان و بایەخدانی زیاتر بە پارک و باخچەکان کرد وەک ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.

لە کۆتاییدا، چەندین سەرنج و ڕاسپاردە و پێشنیار، بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، لە لایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.

ھەواڵی زیاتر