وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: ئەم کابینەیە گەورەترین شانازی بۆ خۆی تۆمار دەکات

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن:

سەرۆکی حکومەت سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەکات

سەرۆکی حکومەت: ئامانجی حکومەت پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و خزمەتکردنە بە هاوڵاتیان
وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئەم کابینەیە بەتەواوکردنی رێگا دوسایدییەکان گەورەترین شانازی بۆ خۆی تۆمار دەکات

رۆژی یەکشەممە ١٢/٦/٢٠٢٢ بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کردو لەلایەن بەڕێز دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لێکرا.

پاشان، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە ئامادەبونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو بریکاران و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد تایبەت بەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکات لە بوارەکانی رێگاوبان و نیشتەجێکردن.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای پێشوازی و بەخێرهێنانی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و وەفدی یاوەری، پوختەیەکی سەبارەت بە کارو چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت پێشکەشکردو ئاماژەی بەپلانی چوار ساڵەی وەزارەت و ئەو پڕۆژانە کرد کە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە جێبەجێکراون، هاوکات تیشکی خستە سەر پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەو پڕۆژانەش کە گرنگ و بایەخدارن، لەگەڵ ئاماژەدان بەتەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی رێگا دوسایدییەکانی نێوان شارەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەماوەی ئەم کابینەیەدا بە پشتیوانی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوی گرنگیناوە لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و بەشێوەیەکی گشتی سەرەڕای قەیرانەکان زیاتر لە ١٢٠ پڕۆژەی جیاوازمان ئەنجامداوەو وتی؛ ئەم کابینەیە بە تەواوکردنی رێگا دوسایدییەکان و ئەو ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێی دەکات، گەورەترین شانازی بۆ خۆی تۆمار دەکات.

دواتر، بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەوتەیەکدا تیشکی خستەسەر رۆڵ و بایەخی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ پێشکەش كردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و ئاماژەی بەوەکرد، کە بەرنامەیەکی باشتان هەبوەو جێدەستتان دیار بوە، دەمانەوێت لەنزیکەوە گوێبیستتان بین و بزانین لە رابردو چیمان کردوە و بۆ داهاتوش چی بکەین.

هاوکات جەختی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکان کردەوە بەشێوەیەکی گونجاو و کوالێتی کە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت بەتایبەت لەبواری رێگاوبان و سەلامەتی رێگاو هاوڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت. پرسی گوندی هاوچەرخ و ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە بو، لەمڕوەوە بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگی ئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوەی دێهاتەکان کردو بەپێویستی زانی، پڕۆژەو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا، ئاماژەی بە نەهێشتنی رۆتینات و خێرا راییکردنی کاروباری هاوڵاتیان و رێکخستنەوەی داهاتەکان کرد، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا بێت. ئاماژەی بە پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبونیش کرد بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و کرێنشینان، و دەرکردنی بڕیاری پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە جێبەجێ دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر