خۆڵبارینێکی چڕ بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە و شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارینیش ڕوو لە ناوچەکانی ناوەراستی عێراق دەکات و کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 11/6/2022، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند: “سبەی یەکشەمە 12/6/2022، ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی کەمێک پەڵە ھەور، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە رێژەی 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە”.

ئەوەشی خستووەتە روو: “لەکاتەکانی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 13/6/2022، لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی پێشەوەی بارستە ھەوا فێنکەکە لە بیابانەکانی سنووری نێوان عێراق و سوریا خێرایی با لەو ناوچانەدا بەرێژەیەکی بەرچاو چالاک دەبێتەوە و شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ڕوو لە ناوچەکانی ناوەراستی عێراق دەکاتەوە و کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت بەرێژەیەکی مامناوەند و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان کاریگەری خۆڵبارینەکە زیاتر دەبێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بەوەش داوە کە کاریگەری ئەم خۆڵبارینە تا رۆژی سێشەممە 14/6/2022 دەخایەنێت و لەھەمان رۆژدا کاریگەری کەمدەبێتەوە.

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر