کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و شاندی باڵای یەکێتی کۆتایی هات

ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانیش ئامادەی بوو، کەمێک لەمەوبەر کۆتایی هات.

راگەیەنراوی حکومەت

ئەمڕۆ شەممە 11ی حوزەیرانی 2022 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، پێشوازی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەڵال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە گرنگیی پاڵپشتی و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی کرا بە ئاراستەی زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان. لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پێویستیان بە چارەسەرە، تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، کارنامەیەکی چاکسازی هاوبەشی هەیە کە هی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و پێویستە وەک یەک تیم، بە هاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان، کار لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن.
شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرخستنی کارنامە چاکسازییەکەی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان کردەوە.

ھەواڵی زیاتر