راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە كە لەلایەن ئاژانس و میدیاکانەوە بڵاوكراوەتەوە

دەقی راگەیەندراوەكە

راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گۆشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە.

دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری.

ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن.
هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمانکاتیشدا رایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت رێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
9/6/2022

ھەواڵی زیاتر