وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سۆرانەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی سۆران ڕادەسپێرێت كە بەزووترین كات دەرخستەیەك بۆ ئەو شوێنانەی پرۆژەی ئاویان نییە و بە تانكەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەكرێت، ئامادە بكەن بۆ ئەوەی پرۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت و چیتر پێویستیان بە تانكەری دابینكردنی ئاو نەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە لە ڕاوێژكار و بەرێوەبەرانی گشتیی دیوان و ئاو و ئاوەڕۆ و چەند بەڕێوەبەرێكی تری ناو وەزارەت پێكهاتوون، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، كە ڕاوێژكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەت و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی سۆران ئامادەی بوون، لەبارەی پرۆژە ستراتیژییەكانی ئاو و وشكەشاڵی و ئەو شوێنانەی تاوەكوو ئێستا بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: ساڵانە بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر لە سنووری سۆران بۆ تانكەرەكانی دابینكردنی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی پرۆژەی ئاویان نەگەیشتووەتێ، سەرف دەكرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش ساسان عەونی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانی ڕاسپارد كە بەزووترین كات دەرخستەیەك ئامادە بكەن بۆ ئەوەی چیتر ئاو بە تانكەر بۆ هاووڵاتییان دابین نەكرێت و پرۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت. سەبارەت بە وشكەساڵیش گوتی: حكوومەت نزیكەی 11 ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە، بۆ بیرەكان و كەلوپەل و ڕێگریكردن لە گرفتی كەمئاوی، بەشێكی ئەو بودجەیە بۆ سۆران دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو دەسەڵاتێكمان داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئەو لیژنەی لە پارێزگای هەولێر دروستكراوە كە تایبەتە بە كەمئاوی و وشكەساڵێ، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانەی گرفتی ئاویان هەیە، دەستنیشان بكرێن بۆ ئەوەی كیشەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ جێبەجێ دەكەین.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر