به‌شیر حه‌داد: دادگای فیدراڵی جێگه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌

حه‌وت مانگ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی عێراق تێده‌په‌ڕێت، ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ئومێدبوون گۆڕانكارییه‌ك بێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌ دوای هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكی عێراق پێكهێنانی حكومه‌ت به‌رده‌وام دواكه‌وتووه‌.

دكتۆر به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دیارده‌ی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ عێراق له‌ 2005ـه‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، به‌ نموونه‌ش حكومه‌ته‌كه‌ی دووه‌می نووری مالیكی له‌ ساڵی 2010 نزیكه‌ی 9 مانگ له‌ پێكهێنان دواكه‌وت.

به‌شیر حه‌داد راشیگه‌یاند، پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت رێزنه‌گرتنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگده‌ران، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ رێز له‌ پره‌نسیپی دیموكراتی ده‌گرن، پێویسته‌ رێز له‌ ده‌نگی ده‌نگده‌ران بگرن.

حه‌داد گوتی: “تا ئێستا كولتووری ئۆپۆزسیۆنبوون له‌ عێراقدا چه‌كه‌ره‌ی نه‌كردووه‌، هیچ لایه‌نێكی سیاسی له‌ عێراقدا به‌وه‌ رازی نییه‌ ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن”.

هه‌روه‌ها گوتیشی: “دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن گۆڕانكارییه‌كان به‌مشێوه‌ نه‌بوون، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌رچوونه‌وه‌ هه‌مان ئه‌م ده‌م و چاوانه‌ن كه‌ پێشتر له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقدا هه‌بوون”.

به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێویسته‌ كورد له‌ داهاتوودا كار بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق بكات، چونكه‌ ده‌ستوور وایكردووه‌ دادگای ئیتیحادی ده‌سه‌ڵاتی زۆری هه‌بێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا دادگای فیدراڵی جێگه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌كانیشی تانه‌ی لێنادرێت”.

جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی به‌ سیاسی كراون، بوونی ئه‌م دادگایه‌ له‌ ئێستادا جێگه‌ی گومانه‌، چونكه‌ تا ئێستا خۆی یاسای نییه‌.

k24

ھەواڵی زیاتر