ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆریس جۆنسن و مەسرور بارزانی

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە . هەروەهاپشتیوانی خۆی بۆ گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.

سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن هەروەها ستایشی هەماهەنگیی و ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەریتانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان کرد و هیواشی خواست کە وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسەنێت، لەم ڕووەشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر ئاسانکارییەکی پێویست، پێشکەشی وەبەرهێنەران بکات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا خۆشحاڵی خۆی به‌ دیداری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌ دۆستایه‌تی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی كوردستان دا و رایگه‌یاند، ئه‌و كاته‌ی شاره‌داری له‌نده‌ن بووه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و گوتیشی: “په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه‌”.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ پێگه‌ و رۆڵی به‌ریتانیا و دۆستایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ و بۆریس جۆنسن كرد و راشیگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی جۆنسن له‌ كاتێكی هه‌ستیاردا بوو و په‌یامێكی گرنگ بوو بۆ ئه‌و كاته‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ دژی داعش ده‌جه‌نگا و گوتیشی: “تۆ (بۆریس جۆنسن) هاوڕێیه‌كی مه‌زنی كوردستانی”.

ھەواڵی زیاتر