دڵشاد گەرمیانی کەسایەتی ئیسلامیی و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ، وەڵامی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی دەداتەوە و دەشڵێت “تا کۆنگرە چاوەڕێ دەکەین و لەوێ قسەی خۆمان دەکەین”
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک بڵوی کردۆتەوە، سەبارەت بەو کێشانەی بەمدواییانە لەسەر پرۆژە چاکسازییەکی عەلی باپیر لەناو کۆمەڵدا دروستبووە، دڵشاد گەرمیانی ڕایگەیاندووە:
ئەو برایانەی ئێستا ئەنجوومەنی باڵان هیچ کامیان ئەندازیاری ئەو پرۆژەیە نەبوون کە سێ ئەنجوومەن درووست بکرێ و ناوی مەکتەبی سیاسی بگۆڕدرێن، گەر ئەم خاڵە یەکێک لە گرفتەکان بێت؛ چ پەیوەندیەکی بەئەندامانی ئەنجوومەنی باڵاوە هەیە ؟
ژمارەی ئەنجوومەنی باڵاو گۆڕینی ناوەکەی چ کێشەیەکی دروست کردووە و چ گرفتێکی پێ چارەسەر دەبێ !؟
ئایا باشترین و کورتترین ڕێگا ئەوە نیيە ڕاستیيەکان بەجەماوەری خۆمان بڵێین و دان بە هەڵەکانی خۆماندا بنێین و بڵێین: ئەو ناوگۆڕینەی کە لەکۆنگرە بەئومێدی زیادکردنی کورسی و فراوان بوونی کۆمەڵ کردمان و خەڵکانێکی زۆری لێ ڕەنجاندین، بەهەڵەدا چووبووین و باشمان نەکرد ، فەرموون با یەکێک لەبەخۆدا چوونەوەکانمان گێرانەوەی ناوەکەو، ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەمان بێت.
بە چ بەڵگەو پێوەرێک بەبێ دیاری کردنی چەند خاڵێکی لاوازو سەلماندنی، هۆکاری سەرەکی شکست بدرێتە پاڵ برایانی ئەنجوومەنی باڵاو لەکەدار بکرێن، کەلە ڕاستیدا کۆمەڵە برایەکی دڵسۆزو خاوەن ئەزموون و مێژووی پاکی خۆیانن.
ئایا ئەوانەی ئێستا دەڵێن ئەنجوومەنی باڵا هۆکاری سەرەکی شکستن ، و نائومێدی لەناو ئەندامانی کۆمەڵ درووست دەکەن، دوای ئەنجوومەنی باڵا پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی کەسی یەکەمی کۆمەڵ ناکەن؟؟ بەئیعتیباری ئەوەی جگە لەوەی کەسی یەکەمە، بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنی باڵاشەو بەشێکە لەهۆکاری شکست؟؟ ئایا ئەوکات کێشەو ئاڵۆزی و نائومێدییەکان گەورەتر و فراوانتر نابن؟؟؟.
ئایا ئەم هەڵبژاردن و بەشداری کردنەی کۆمەڵ هێندە موقەدەس و پڕخێرو بەرەکەتە بۆ هەمووان وا کۆمەڵی لەسەر تێک بدرێ؟
م.دلێر گەرمیانی پاش بینینی دیمەنی چەپڵە ڕێزانی خەڵکانێکی ناو کۆنگرە کە لەخۆشی ناوگۆڕین و دەربازبوون لەمۆرکی ئیسلامی بوون، بڕیاری دابوو بەبێ کێشە درووست کردن و خەڵک سارد کردنەوە دەست لەکاربکێشێتەوەو خودا حافیزی لەکۆمەڵ بکات، بەڵام دواتر کەیەکترمان بینی وەکو حورمەت و متمانەیەکی براگەورەیی بەرپرسیاریەتی بڕیارەکەی خستە ئەستۆی من، منیش ئەوکات پاش ئیستخارەو مەشورەت کردن و بینینی پەرۆشی خەڵکانێکی زۆر، بەتایبەت برایانی ئەنجومەنی باڵاو زۆرێک لەبرایانی سەرکردایەتی بەباشم زانی هەتا ئەم چوار ساڵەی تر دان بەخۆیدا بگرێت و بەردەوام بێت .
لەئێستادا دوای (ماجەرای)کۆبونەوەی گشتی قەناعەتم گۆڕاوە، پێم وایە ئەوەی بە زار دەربارەی قبووڵ کردنی ڕای جیاواز دەگوترێ حەقیقەتی نییەو، دووبارە بوونەوەی ئەو قسە ساردانە سەر دەکێشێ بۆ ناکۆکی زیاترو دڵ ئێشانی گەورەتری لێ پەیدا دەبێت .
باشتر وایە لەبەر پاراستنی مافی برایەتی و ڕێزو حورمەتی مێژوویەکی ڕابردووی دوور و درێژمان لەگەڵ ئەو برا بەڕێزو زۆرخۆشەویستانە دا ، هەتا کۆنگرەی داهاتوو بەشداری دانیشتنەکان نەکات، وە لەکۆنگرەش قسەو بڕیاری یەکلا کەرەوەی خۆمان دەکەین.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر