دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێ

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراند، دەربارەی سەردانی حەفتەی ڕابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی وزەی جیهانی و لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی و کۆبوونەوە و دیدارەکان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و بەرپرسانی وڵاتان لە پەراوێزی لوتکەی جیهانی حکومەتەکان خرایە ڕوو. لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی دەرفەتەکانی پێشخستنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان ڕوونکرانەوە، هەروەها یاداشتێک لە یەکتێگەیشتنەکان لە گەڵ دەولەتی ئیمارات واژۆ کرا بۆ برەودان بە توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.
هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، باس لە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کرا و جەخت کرایەوە کە کاری لەپێشینە و ئێستای حکومەت، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لەم ڕووەشەوە، هیچ کاتێکیش حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە کارکردن لە پێناو پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا.
لە دوای خستنەڕووی داتاکانی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی وەزارەت ودامەزراوەکانی هەرێم لە مانگی ئاداری ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری، بە دەستکردن بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار لە ڕۆژی یەکشەممە 4/10.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕوسیا-ئۆکراینا كرا، بەتایبەتی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ئامادەسازی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیيەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی بۆ ماوەی2 مانگ لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە.لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لە درێژەدان بە سیاسەتی حکومەتی هەرێم لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کردەوە.
هەروەها بەردەوامبوونی کاروبارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن لە ( پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان) کە بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە بەمەبەستی چاودێریکردنی نرخ وبازاڕ و هەڵسەنکاندن و پێداچوونەوە بە ئەنجامی ڕێکارە پێشنیارکراوەکان دوای دوو مانگ لە جێبەجێکردنیان.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی ( پڕۆژە یاسای پشتیوانیی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان – مشروع قانون الدعم الطارئ للأمن الغذائي و التنمية) کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر وردەکاریی پڕۆژە یاساکە و ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەکە، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە داکۆکیکردن لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک شایستەی دەستووری خۆی، داواش لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران كرا کە لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ماف وشایستەکانی هەرێم، مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژە یاسایە بکەن، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییە هاوتاکانیان بەشداربن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2022.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریشدا لە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی باڵا بنێرێت بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی بۆ برەودان بە هەماهەنگیی لە بواری نەوت و وزە لەسەر بنەمای دەستوور وبە ڕەچاوکردن و پاراستنی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم لەم بوارە.
بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 76 تایبەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەی 9 و 10 لە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایەڕوو. دوای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بەرزکرابوونەوە ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە یاسای چاکسازیی لە پێناوی زامنکردنی ماف وشایستەی دارایی مووچەخۆرانی شایستەیە و نابێت ببێتە هۆی زیانلێکەوتنی کەسانی شایستە، ئامانج لە دەرکردنی یاساکەش، لە بنەڕەتدا ڕێگرتنە لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە بودجەی گشتی و ڕێکخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتییە بەو ئاراستەیە.

ھەواڵی زیاتر