فاروق مەلا مستەفا خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (قادر نادر):
-كاك نەوشیروان مۆڵەتێكی كارگەی چیمەنتۆی هەبوو، مۆڵەتەكەی لە وەزارەتی پیشەسازی كوردستان وەرگرتبوو، كاك نەوشیروان لە منداڵییەوە برادەرم بوو، هەرچەندە لە دوو حزبی جیاواز بوین، من لە حزبی شیوعی بووم، رۆژێك كاك نەوشیروان بە پێی وتم: من مۆڵەتێكی دامەزراندنی كاریگەی چیمەنتۆم دەرهێناوە، تائێستا بە سێ كەسم وتووە نەیانتوانیوە ئەم كارگەیە دروست بكەن، پارەیان پێ نەبووە، دواین كەسیان هەندێك پارەی تێدا خەرج كردووە، ئەویش وەستاوە، ئەگەر تۆ وەكو هاوڕێیەكی كۆن یارمەتیم بدەیتو ئەم كارەم بۆ بكەی، زۆر مەمنون ئەبم، چونكە من لەمە زیاتر لە دنیادا تائێستا هیچ شتێكم نییە، 15% دراوە بەو مۆڵەتەی كە كاك نەوشیروان هەیبووە، 85%ی هی منە، كاك نەوشیروان وتی مۆڵەتەكەم وادەكەی بەسەرچووە، لێم وەردەگرنەوە، ئەوكاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ناڕێك بوو، رێككەوتین لەسەر ئەوەی 15%ی قازانجو موڵكیەتی كارگەكە هی نەوشیروان مستەفا بێت (ئێستا هی كوڕەكانیەتی)، لەو جۆرە مۆڵەتەی كە بە كاك نەوشیروان دراوە، بە زۆر كەسی تر دراوەو فرۆشتویەتیەوە، بەڵام كاك نەوشیروان خۆی نەیتوانی بیكاتو من بۆم كرد.
من پەیوەندی برادەرایەتیم لەگەڵ مام جەلال هەبووە، كەسە نزیكەكانی مام جەلال خاوەنی پرۆژەكانی ئێمە نین، لە هەندێك پرۆژەدا پشكدارییەكی كەمیان هەیەو خاوەنە گەورەكە ئێمەین، مام جەلال بۆ ئاسیاسێل (2 ملیۆن دۆلار)ی داوە بە من وەكو موساهەمە بۆ یەكێتی، ئەوە ئێستا لە ئیدارەی گشتی یەكێتی مەوجودە، ساڵانە كە قازانج دابەشكراوە، ئەو بەشە دلێری سەید مەجید كە بەرپرسی ئیدارەی گشتی بووە وەریگرتووەو ئێستاش وەریدەگرن.