فەڕەنسییەکان لە شۆڕشی 1789تەنھا خۆیان لە حوکمی ڕەھایی ڕژێمی پاشایەتی ڕزگار کرد، ئەگەر نا لە ناوەرۆکی سیاسی و لە باری بژێوییەوە خەڵکی فەرەنسا گۆڕانێکی بەرچاو بەسەر دۆخەکەیاندا نەھات، ئەوان پێش شۆڕش ژیانیان لە ژیانی خەڵکی ڕووسیا و ئەڵمانیاش خۆشتر بوو، بەڵام چونکە ئەو نەوەیەی کە شۆڕشی 1789یان کرد لەگەڵ چینی خوێندەوار دەستیان تێکەڵکرد و بە شێوازی نوخبەسالاری«ئۆرستۆکراسی»وڵاتیان بەڕێوە دەبرد، ئەوەندەی خەریکی ژیان و پێگەی خۆیان بوون، ئەوەندە بارودۆخی وڵاتیان بە گشتی لەلا گرنگ نەبوو بۆیە: گۆڕانکارییەکی وەھا لە ژیانی خەڵک بە تایبەت جیلی نوێ دروست نەبوو، ئیترکار گەشتە ئەوەی گەنجان و خوێندکاران شۆڕشێکیان لە دژی نەوە سیاسییەکانی پێش خۆیان بە گشتی و لە دژی خوێندەوار و نوخبە و ئەکادیمییەکان بە تایبەتی لە ساڵی 1968بەرپا کرد، ئاوا ئەو شۆڕشە بووە تەکمیلەی شۆڕشی پێشو و خستنە سەر سکەی کاری سیاسەت و حکومەت لە فەرەنسا.
چۆن ھەر یەکێک لە ئێمە ھەمیشە کەسێک ھەیە قسەی دڵمان دەکات، ئاواش ئێستا«مەسرور بارزانی»ھەیە قسەی دڵی زۆرینەمان دەکات، ئەو کارە دەکات کە زۆربەمان لە دڵەوە پێمانخۆشە، ئەو ئێستا خەریکی کارێکە دەبو گەنجان خۆیان بیانکردایە، خەریکی سەرخستنی پڕۆسەیەکە بە ناوی«پڕۆسەی چاکسازی»کە بە دڵی زۆرینەیە بە تایبەت گەنجان، ئەو ئەرکە زەحمەت و بەرپرسیاریەتییەکەی ھیچی کەمتر نییە لە شۆڕشێک، ئەوەی مەسرور بارزانی ئێستا دەیکات ڕاستە چاکسازییە، بەڵام لە واقیعدا شۆڕشێکە بەسەر کارەکتەری سیاسی گەندەڵدا، بەسەر نوخبە و خوێندەواری گەندەڵدا، شۆڕشێکە بەسەر نۆرم و بەھای ئۆرستۆکراتەکانی کوردستاندا، شۆڕشێکە بەر لەوەی دەستکەوتبێت بۆ ھەرکەس، دەستکەوتە بۆ گەنجان و پشتگیرییان تا بتوانن ببنە کارەکتەری بەدیل، ڕاستە پڕۆسەیەکی مەدەنی چاکسازییە بەڵام تام و بۆی شۆڕشێک ئەدات، ئێ شۆڕشیش ھەر ئەمەیە کە بەرھەم بدات بە دەستەوە، خۆ شۆڕش مەرج نییە تایە و دائیرەی تیا بسووتێنرێت، بۆ کەسێک ئەگەر لە توانا و کەفائەی خۆی ڕاببینێت شۆڕشە و ئەرکە لەسەری پشتگتری مەسرور بارزانی و کابینە وزارییەکەی بکات، بەڵام بۆ کەسێک ئەگەر بیەوێت شەھادەکەی، حیزبی بوونەکەی، پلە و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی بیکاتە دکتۆر شێرکۆ یان عەبدولستار مەجیدێک، حەتمەن لای ئەو ئەوە شکستی حوکمڕانییە نەک شۆڕشی چاکسازی.
لوقمان بیارەیی