لەنێو ھەموو ئەوانەی دژی دەسەڵاتی تاڵیبانن، ئێستا گەورەترین گرووپ لە پەنجشیر ماوەتەوە.
گرووپەکە پێکھاتەیەکە لە میلیشیاکانی دژە-تاڵیبان و ھێزی ئەمنیی پێشووی حکومەتی ئەفغانستان، کە بەڵێنیان داوە ڕانەوەستن لە بەرگریکردن، لە کاتێکدا چەکدارەکانی تاڵیبان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە.
بۆچی دۆڵی پەنجشیر گرنگە؟
پەنجشیر دۆڵێکی بەرتەسکە کە لە قوڵایی شاخی ھیندوکوشدایە و بەرزییەکەی نزیکەی 80کم دەبێت و کەوتووەتە باکووری شاری کابوڵ.
ئەم دۆڵە چەند دەروازیەکی سنوورداری ھەیە و ھەڵکەوتەی جوگرافییەکەی یارمەتیدەرێکی سروشتییە لە ڕووی سەربازییەوە، کە وا دەکات یەکە سەربازییەکانیان بتوانن خۆیان بپارێزن لە ھەر ھێرشێکی چەکداری، هۆکارەکەشی هەبوونی سەنگەری بەرزن و وا دەکات بە ئامانج گرتنیان ئاسان نەبێت.
پەنجشیر بووەتە سێمبوڵی بەرگریی لە ئەفغانستان کە ماوەی سەدەیەک زیاترە دژی داگیرکەران بەرگریان لە خۆیان کردووە.
دانیشتووانی پەنجشیر بە گشتی لە خەڵکی تاجیک پێکھاتوون کە لە ساڵانی 1980-1990 خاوەنی دەسەڵاتێ سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بوون.
کێ ئەم ناسناوەی بۆ پەنجشیر بەدەست ھێناوە؟
دیارترین کەسایەتیی مەسعود شا عەبدوڵایە، کە وێنەی نەک لەسەر دیوارەکانی پەنجشیر، بگرە زۆربەی شارەکانی ئەفغانستان ھەیە و بە (شێری پەنجشیر ) ناسراوە، شا مەسعود بە سەرکردەی شەڕکەرەکانی موجاھیدین دژی ھێزەکانی سۆڤییەت لە ساڵانی 1980 جەنگاون و ئەم ناسناوەیان بەدەست ھێناوە.
یەکێتیی سۆڤییەت بە ناردنی ھەزاران سەرباز و بەکارھێنانی ھێلیکۆپتەر و تانک و زریپۆش، چەندین ھێرشی کردووەتە سەر ئەم ناوچەیە، بەڵام دوای چەندین شەڕی خوێناوی نەیتوانی شا مەسعود و جەنگاوەرەکانی تێکبشکینێت.
ھەمان نەبەردیان لە ساڵی 1990 لەگەڵ تاڵیبان دووبارە کردەوە، ھەرچەندە ئەم تاڵیبان نەیتوانی پەنجشیر داگیر بکات، بەڵام ھێزەکانی شا مەسعود زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
لە ساڵی 2001، دوو ڕۆژ پێش 11/سێپتەمبەر، ئەلقاعیدەی ھاوپەیمانی تاڵیبان، بکوژێکی نارد بۆ کوشتنی مەسعود شا عەبدوڵا.
بکوژەکە وا خۆی نیشاندا کە فیلمی دۆکیومێنتاری دروست دەکات و دەیەوێ چاوپێکەوتن لەگەڵ شا مەسعود بکات، بەڵام لە ناو کامێراکەیدا بڕێک تەقەمەنی هەڵگرتبوو.
ئێستا بەرگریکارەکانی پەنچشیر کێن؟
شەڕکەرە دژە-تاڵیبانیەکانی ئەمڕۆ و میلیشیا ناوخۆییەکان لەگەڵ ئەندامانی ھێزی سەربازی پێشوو کە دوای تێکشکانی هێزەکانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی، ڕوویان لەم دۆڵە کردووە و لە لایەن دەسەڵاتی پەنجشیرەوە پەنایان درا.
ئەم ھێزە کەرەستە، چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیان لەگەڵ خۆیان ھێناوە بۆ بەھێزترکردنی ھێزەکانی پەنچشیر، کە بە بەرگریکارانی نەتەوەیی ڕێزەکانی پێشەوەی جەنگ خۆیان ناساندوە.
ئەم ھێزە لە لایەن ئەحمد مەسعودەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کوڕی فەرماندەی ناسراوی پەنجشیر.
ئەم گرووپە پەیمانیان داوە بەرپەرچی ھەر ھێرشێک بدەنەوە کە لەلایەن تاڵیبانەوە بکرێت، بەڵام ئەحمد شا مەسعود لە ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆستدا، داوای یارمەتی لە ھێزە بیانییەکان دەکات بۆ ھاوکاری کردنیان تا وەڵامێکی توندی تاڵیبان بدەنەوە.
تاڵیبان چۆن مامەڵە دەکات؟
تاڵیبان سەدان شەڕکەری بۆ گەمارۆدانی پەنجشیر ناردوە، وەک ھەوڵێکی ڕوون بۆ چڕکردنەوەی ئابڵوقەکان و ناچار کردنی ئەحمد شا مەسعود بۆ خۆبەدەستەوەدان.
سەرەڕای ناکۆکییەکان، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە دەیانەوێ بە ئاشتی دۆخەکە چارەسەر بکەن.
بەرگریکارانی نەتەوەیی ڕیزەکانی پێشەوە ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی گفتوگۆن لەسەر حکومەتێکی بنکە فراوان، ھەروەھا ڕیشسپییەکانی دۆڵی پەنجشیر بەردوامبوون لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تاڵیبان.
تا ئێستا ھیچ پێکدادانێک ڕووی نەداوە، ھەرچەندە تاڵیبان گرتنەوەی سێ ناوچەی دەوروبەری پەنجشیری ڕاگەیاندەوە، ھەروەھا جێگری پێشووی سەرۆکی حکومەت، ئەمروڵا ساڵح لە تویتێکدا ڕایگەیاندوە، قەیرانی مرۆیی ڕوو لە زیادبوونە بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەی خۆراک و سوتەمەنی.
لە کاتێدا بەرگریکارانی نەتەوەیی ڕیزەکانی پێشەوە پەیمانی بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکیان داوە، بەڵام دیار نیە کە خۆراکی پێویست و کەرەستە و تەقەمەنیان ھەیە، تا بتوانن بەرامبەر ئەم گەمارۆ کۆتا-نادیارە خۆیان ڕابگرن؟