لە ڕووداوێکی نزیکدا بیستمان، دوو سەرکردەی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان، گرژی و ئاڵۆزیی نێوانیان گەیشتووەتە ڕادەی ژەھرخوارکردن. ئەمە ڕاستە یان سیناریۆ و شانۆگەرییەکی سیاسییە، کاری ئێمە نییە، ئەوەی مەبەستمە ڕوونی بکەمەوە، ئەم جۆرە پاکتاوکردنەی یەکترییە لەلایەن سیاسی و سەرکردەکانەوە کە مێژوویەکی درێژی ھەیە.
بەکارھێنانی ژار (ژەھر) یەکێکە لە جەنگە بایلۆجییەکان و بە شێوەی فرەوان بۆ سەر میللەتێک یان ناوچەیەک بەکار دێت، وەک کیمیابارانی ھەڵەبجە، یان کۆمەڵێکی دیاریکراو لە خوانێکدا پێکەوە بخرێنە بۆسەیەکەوە و پێی بکوژرێن، یان تایبەتکردنی کەسێک کە ئەمەیان ھۆشیارییەکی زیاتری دەوێت، ئاخر زۆربەی جار ئەو کەسە خۆی بە پاسەوان تەنراوە. ئەی ئەگەر پاسەوانێکی تایبەتی بکڕدرێت و ژار بخاتە خۆشاوی پرتەقاڵەوە بۆ بەرپرسەکەی؟ مەترسیی ئەم جۆرە لەوەدایە، ئەگەر سەری نەگرت، بە زنجیرە، لەو کەسەی ڕاستەوخۆ ژاراوەکەی پێشکەش کردووە، تا دەگاتە پیلانگێڕ و ھەموو بەشداربووان، سزا دەدرێن. ئەگەر سەرکردەکان سەربازی بن، سزاکان یەکسەر کوشتنە، بەبێ دادگەیی یان بە دادگەیییەکی نێوخۆییی نھێنیی سەربازی. ئەگەر کەسەکە سەرکردەیەکی مەدەنی بێت، لە دادگەیەکی چڕ و ئاڵۆزدا سزاکان دیاری دەکرێت. تەنانەت ئەگەر پیلانەکە سەر بگرێت، ئەگەری ھەیە داوێکی بەڵگە دەست بکەوێت و لەلایەن کەسانی نزیکییەوە دۆسییەکە گەرم بکەنەوە. کەواتە ژارخوارکردنی سیاسی، مەترسییەکانی تەواو نابن و لە ھەمووی کارەساتبارتر، ئیدی متمانە کۆتاییی دێت و جارێکی دیکە ناتوانن بچنە سفرە و خوانی یەکترەوە کە ئەمەیان بۆ دەیان ساڵ درێژە دەکێشێت.
لە سەردەمی ھەردوو جەنگی جیھانگرەوەدا، بە شێوەی جیاواز ژار بەکار ھاتووە. تەنانەت ئەو سەربازانەی پلەدار بوون، ھەردەم دەنکێک ژار لە گیرفانیاندا بووە، تا ئەگەر کەوتنە دەستی دوژمنەوە، پێش ئەوەی بخرێنە ژێر ئەشکەنجە و ناچارکردنی ددانپێدانانی زانیاری، خۆی بەو ژارە کوشتووە. یان ئەگەر لایەکیان لێ بووبێتەوە و زانیبێتیان ئیدی چارەیان نەماوە، خۆیان لەکۆڵ ئازار کردووەتەوە.
لەناو ماڵباتە سیاسییەكان، ماڵباتە پاشایییەكان و ماڵباتە هۆزگەرایییەكاندا، پاكتاو بە ژار زۆرە.
لە مێژووی سیاسی و سەربازیدا، ڕووس و بریتانییەکان بە دروستکردنی ژاری جۆراوجۆر نێوبانگیان ھەبووە. ڕەنگە ڕووس لە ھەموو وڵاتێک زیاتر پەنایان بۆ بکردبێت. وەک ژارخوارکردنی “ستیڤان باندێرا” سەرکردەی بەرھەڵسکارانی ئۆکرانیا کە لە شاری میونخ لە ڕێگەی ژارەوە کوژرا. دوای دوو ساڵ، بکوژ لە یەکێتیی سۆڤێت ھەڵات و ددانی پێدا نا کە “ترشەڵۆکی پروسی” بە دەموچاوی ستیڤاندا کردووە.
لەناو ئاژانسی ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکیدا (سی ئای ئەی) یەکەیەکی تایبەت ھەیە کە لە سەدان پسپۆڕ و زانای بوارە جیاوازەکان پێک ھاتوون، کاریان ئەوەیە لە گژوگیا و شتی سروشتی، ژاری نوێ دابھێنن و وەک جۆرێک لە چەکە کوشندەکانی ئەو وڵاتە ھەژمار دەکرێت. تەنانەت ھەندێک پێیان وایە، ئەو یەکەیە بە پیلان، کۆرۆنا ڤایرسیان بڵاو کردووەتەوە. ئەمەیان ئەگەر ڕاستیش بێت، پەنجا ساڵی دیکەی دەوێت تا بەڵگەکان یەکلای بکەنەوە.
مەترسیدارترین ژارەکان:
١- بۆتۆکس. یەکێکە لەو ماددانەی ئێستە لە جوانکاریدا زۆر بەکار دێت. بە شێوەی دەرزی لەو لێو یان ھەر شوێنێکی دەدرێت بۆ ئەوەی ھەڵباوسێ و چرچولۆچی بشارێتەوە. لە پێشدا تەنیا وەک ژار بەکار ھاتووە، چونکە بخرێتە خواردنی ھەر کەسێکەوە، بەتایبەتی گۆشت، ناو گەدەی ھەڵدەئاوسێنێ و کەسەکە توانای ھەناسەدانی لەدەست دەدات.
٢- گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن. لە جەنگەکاندا زۆر بەکار ھاتووە. سەرەتا ھەستی تەنگەنەفەسی، پاشان چاوخوران و کوێربوون، ماندوێتی و ئازارێکی زۆر دروست دەکات و بە شێوەیەکی نیمچە خێرا کەسەکە دەکوژێت.
٣- سیانید. دەخرێتە میوە یان خۆشاوی میوەوە. یەکسەر کەسەکە تووشی دڵەتەپێ و ھەناسەتەنگی دەکات و زۆر بە خێرایی کەسەکە دەکوژێت.
٤- ڕیسین. لە زەیتی گەرچەک دروست دەکرێت. ھەر ئەمەیشە وای کردووە، ئەگەر چی زەیتی گەرچەک سوودی زۆرە، بەڵام ھەردەم سڵی لێ دەکرێتەوە، چونکە وەک ئەگەر نەزانی ترشیاتی ترێ دروست بکەیت، دەگەڕێتەوە و دەبێتە شەراب، ئەگەر نەشزانی زەیتی گەرچەک دروست بکەیت، دەبێتە ژار. کەسەکە تووشی سکچوون، بێتوانایی، ئازاری گەدە و ناو سک دەکات، تا دەیکوژێ.
٥- زرنیخ. ئەمەیان پێی دەگوترێ خۆشەویست و ئازیزی سەرکردەکان و لە مێژوودا زۆرترین بەکارھێنانی لەلایەن سیاسییەکانەوە ھەبووە. ئەگەرچی تامەکەی تاڵە، بە ئاسانی تێکەڵی خواردن و خواردنەوە دەکرێت و ناتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە. سەرەتا کەسەکە تووشی ڕشانەوە و سکچوون و ئازارێکی زۆر دەکات لە ھەموو جەستەیدا، پاشان ھەناسەبڕکێ و ئەگەر کەسەکە زوو نەبرێتە نەخۆشخانە، دەیکوژێ.
ئەمانە سەرەکی و کلاسیکەکان بوون. ژار، زیاتر لە ھەزار جۆری ھەیە. ئێستە ئیسرائیل باشترین جۆرەکانی بۆ پاکتاوی سیاسی دروست دەکات کە بەپێی ویستی کڕیارە، حەز دەکەیت یەکسەر بیکوژێت، یان پاش مانگێک، پاش ساڵێک، یان کەنەفتی بکات، یان تووشی بیرچوونەوەی بکات… ھەمووی ھەیە.
ناسراوترین کەسایەتییەکانی ژارخوار کراون:
١- ئەخناتوون، فیرعەونی مەزنی میسر، ساڵی ١٣٣٦ پ. ز.
٢- سوقرات، فەیلەسووفی یۆنانی، ساڵی ٣٩٩ پ. ز.
٣- ئەسکەندەری گەورە، ساڵی ٣٢٣ی پێش زایین.
٤- کیلۆپاترا، ژنە سەرکردەی میسڕیی کۆن، ساڵی ٥١ی پ. ز.
٥- بیتھۆڤن، گەورە میوزیکیانی ئەڵمانی، ساڵی ١٨٢٧.
٦- ھیتلەر، ڕاوێژکاری ئەڵمانی، ساڵی ١٩٤٥ خۆی ژارخوار کرد.
کوردۆ شابان