لە ئێران تەقینەوەیەک لە نێو کارگەیەکی درۆن روویدا
رۆژنامەی “گاردیان”ی بریتانی ڕایگەیاند: ئەو تەقینەوەیەی لە ئێران روویداوە، لەنێو کارگەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران، دوێنێ یەکشەممە، تەقینەوەیەکی نادیار لەنێو کارگەیەکی کیمایی و یاری ئاگرین لە هەرێمی ئەسفەهان روویدا و دواتر ئاگرکەوتنەوە لەو کارگەیە کەوتەوە و بەلانی کەمەوە 9 کەس بریندار بوون.
ئاژانسی “میهر” لە زاری عەباس عەبدی، گوتەبێژی فریاکەوتنی پزیشکی لە ئەسفەهانەوە رایگەیاند، “هۆکاری تەقینەوەکە لەنێو کارگەی سیپاهان نارجۆستا بۆ کیماییەکان تا ئێستا نادیارە و لەژێر لێکۆڵینەوە دایە و، 9 کەس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە”.
بەڵام رۆژنامەی “گاردیان”ی بریتانی ئاشکرای کرد، تەقینەوەیەکی گەورە لەنێو کۆمەڵگەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران روویدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای “Hesa”ی ئێرانی بۆ دروستکردنی فڕۆکە کە ژمارەیەکی جۆراوجۆر لە فڕۆکە و درۆن بۆ هێزەکانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران دروست دەکات لەو کۆمەڵگەیە کە کۆمپانیای سیپاهان نارجۆستا خاوەندارێتی.
بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەکاتەوە کە تەقینەوەکە لەنێو کارگەی درۆندا روویدابێت.