نەخۆشخانەی پار هەواڵی چەند میدیایەكی “نزیکی لاهور شێخ جەنگی” رەتدەكاتەوە كە ئاماژەیان بەوەكردووە، لاهور شێخ جەنگی- هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تێچووی چارەسەری ئەو نەخۆشە بەڕەگەز عەرەبە( ئالودەبوو بەماددەی بێهۆشكەر)ی گرتووەتە ئەستۆ كە ماوەی 50 رۆژە زیاتر لەنەخۆشخانەكەیەو لەلایەن تیمی پزیشكییەوە چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدراوە.
نەخۆشخانەی پار لەروونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:” ماوەی چەند ڕۆژێكە بابەتی نەخۆشێكی نەخۆشخانەكەمان بووەتە بابەتی میدیایی چەند كەناڵێكی ئاراستەكراو، ئەو كەناڵانەی تا ئێستاش داهاتەكانیان ڕوون نییەو نازانرێ لەكوێوە ئاراستە دەكرێن و بەشێك لە ئامانجەكانیان تێكدانی كۆمەڵگاو گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەكانە.”
ئەوەش خراوەتەڕوو:” ئێمە لەنەخۆشخانەی پاڕ لە ڕوونكردنەوەی پێشووشمان راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێكیش لە كەناڵە میدیاییەكان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەكە كرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە كراوەتە بابەتێكی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەكە بشێوێنن و شكست و ئابڕووچوونە سیاسییەكانی خۆیانی پێ داپۆشن.”
لێرەوە بەم چەند خاڵە رای گشتی ئاگادار دەكەینەوە، كە:
یەكەم: هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی تێچووی چارەسەركردنی ئەم نەخۆشە بەرەگەز عەرەبەی نەگرتۆتە ئەستۆ، خۆ ئەگەر هەر كەس و لایەنێكی سیاسی نیازی خزمەتكردن و چارەسەركردنی خەڵكی هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە نەخۆشخانەی پاڕ پێویستمان بەوە نییە و بەگوێرەی توانا لەخزمەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەران بووینە، بەڵام دەكرێ ئەو لایەنانە پارەكانیان لەخزمەتی ئەوانە سەرف بكەن، نەك هەوڵدان بۆ لێدان لە كەس و بە سیاسی كردنی بابەتەكە.
دووەم: تیمی پزیشكی نەخۆشخانەكەمان لە سەرەتاوە هاوەڵی ئەم نەخۆشەیان ئاگادار كردەوە كە ئەگەر ئەم نەخۆشە لە نەخۆشخانەكەمان بمێنێتەوە تێچووی هەیە، بەڵام هاوەڵی نەخۆشەكە رایگەیاند كە ئامادەیە هەموو تێچووی چارەسەرەكە بگرێتە ئەستۆو ئێمە وەك نەخۆشخانە هاوكاری بووین و ئەو بڕەی كەوتۆتە سەر نەخۆشەكە تەنها هەقی پزیشك و مەساریفەكانی چارەسەرە.
سێیەم: لەڕۆژی چوارشەممە ١٩/٥/٢٠٢١ بە ئەمبوڵانسی تایبەتی نەخۆشخانەكەمان و تیمی پزیشكیەوە ئەم نەخۆشە براوەتە نەخۆشخانەی حكومی و لەدوای ماوەیەكی كەم خۆی گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەكەمان و ئامادە نەبووە لەوێ چارەسەر وەرگرێت.
چوارەم: هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە لە سەرەتای دروستبوونییەوە نەخۆشخانەی پاڕ بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەكانی كردووەو باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش كردوون، ماوە ماوەش بۆ مەرامی سیاسی دەیانەوێ هێرش بكەنە سەرمان، بەڵام موزایەدەكانیان تەمەنی كورتەو لەكۆتاییدا راستی و راستگۆیی سەردەكەوێت و موزایەدەچییەكان ووك بڵقی سەر ئاو كۆتاییان دێت.
راچڵەکین