وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر ڕووداوەکەی هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێك لەبارەی خۆسوتاندنی گەنجێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە شاری هەولێر بڵاو دەکاتەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیاندراوێك لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە

بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی ئەمڕۆ ڕوویدا، كە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە،  گەنجێك لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری هەولێر، خۆی سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كۆبوونەوە، دۆخی ئێستای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیای لە هەرێمی كوردستاندا، لە ڕووی ئیتیكی رۆژنامەوانی و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێكی نالەبار و خراپ وەسف كرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و كۆمەڵایەتیەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەی سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەكی لە ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوە بەهەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشكردنی ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەی دەچنە خانەی بڵاوكردنەوە و هاندانی توندوتیژی و كوشتن و خۆكوشتن، كە لە ڕووی دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەكەن.
لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بەو ڕێنماییانەوە، لە ڕێی دەستەی داواكاری گشتی و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كورستان، ڕێكاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.

ئەوەی ئەمڕۆش ڕوویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جگە لە جێبەجێ كردنی ئەركی وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەی ئاماژەیان پێكراوە، داوا لە دەستەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەكات، هەموو ڕێكارێكی یاسایی بەرامبەر  ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەی كە ڕووماڵی  ڕووداوەكەیان كردووە، وەربگرێت.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان

ھەواڵی زیاتر