لە کورد چی دروست دەبێت!

کۆمەڵگە پێش ئەوەی بخرێتە ناو ململانێی حیزب و سیاسەتەوە کە فڕی پێوەی نییە، پێش ئەوەی بخرێت بە سەر پارە و دەستەڵات و چەکدا، پێش ئەوەی فێرە تەقلید و مەسرەفگەرا، فیرە نمایش و قسەی زل بکرێت، دەبێت ڕابکێشریتە قۆناغی سەرەتایی مەدەنیبوونەوە، ئاخر مەدەنیبوون پڕۆسەیە نەک خۆ وەک ئەویترلێکردن، بازدان بەسەر ئەم پڕۆسەدا مادەم پارە و دەستەڵات لە گۆڕێیە، ئیدی خاوەن پایەی حیزبی و لەشکری و وەزیفی، سەرمایەدار، سەرۆکھۆز و ھەندێکجار زومڕەی ھۆزیش چۆن دەچنە ژێر جەبری سیستمەوە، وەک ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت: لە دەرەوەی مەدەنیەت دەوڵەتمەن گوێڕایەڵی یاسا نابێت.

سەدەکانی ڕابوردو ئەغڵەبیان سەدەی جەنگ بوون، جەنگ بە تایبەت ئەڵمانیای ھیتلەری واقیعێکی دروستکرد بوو مرۆڤ ناچار بوو شەڕکەرێکی باش بێت نەک مەدەنییەکی داھێنەر، ڕووسەکان پێگەیاندنی مرۆڤی شەڕکەریان خستبووە پێش مەدەنیەتەوە، دەیانویست لە ھەر ڕووسییەک ئەڵمانییەک چێبکەن، دواتریش لای خۆمان لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە تا ڕاپەڕینیش زۆربەی ھەوڵەکان بۆ ئەوە بوون لە ھەر«کورد»ێک گیڤارایەک، ھوشیمیننەیەک، تاریقی کوڕی زیادێک چێبکەن، نەک کوردێکی شۆڕشگێڕی واعی، دواتر بە گەشتنی جیھانگەرای ھاوکێشەکە گۆڕا بۆ فراونخوازی ئایدۆلۆژی و سەرمایەگوزاری، کورد ئەگەر لە قۆناغی ڕابوردودا شەڕکەرێکی باشیش بوو بێت بەڵام لە جیھانگەرادا نەیتوانی یاریزانێکی باش بێت، وەکو کەلاکێک کەوتە بەردەست ئەوانیتر، عەرەب ھاتن ھەوڵیاندا عەرەبێک لە ھزری ھەر کوردێکی موسڵماندا چێبکەن، فارسەکان ھاتن ھەوڵیاندا لە خودی ھەر کوردێک دژەکوردێکیتر چێبکەن، ڕۆژئاواییەکان ھاتن ھەوڵیاندا لە ھەر کوردێک بازاڕێکیان بۆ کاڵا و کەلتووری خۆیان بونیاد بنێن، ئاوا ئیتر ھەرکەس ھات توانی شتێک لە سەر کورد بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام کورد نەیتوانی شتێک لە خۆی دروست بکات یان چی لێ دروست دەبێت، نەیتوانی خوێندنەوە بۆ سەردەمی نوێی و قۆناغی مەدەنیەت و سیاسەتی گڵۆبالیزمی جیھانی بکات، پارتی ھەوڵیدا لە ھەر یەکێتییەک پارتییەک چێبکات، یەکێتی ھەوڵیدا لە ھەر پارتییەک یەکێتییەک چێبکات، گۆڕانیش ھەوڵیدا لە ھەر ناڕازییەک گۆڕانێکی تووڕە چێبکات، لە کاتێکدا دەبو لە جیاتی ئەمە بە ھەر ھەموویانەوە لە ھەموو کوردان کوردستانێکی مەدەنییان چێبکردایە کە ھوشیاری تاکی بەرھەم بھێنایە، نەک دەوڵەتمەنی سەر بە حیزب و ھۆز.

ھەواڵی زیاتر