وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر قسەی ئەو مامۆستایەی کە وتی هەمووساڵێک بە قۆپی دەرچووە رایگەیاند، ئەو کەسە فەرمانبەر و مامۆستا نییە لە وەزارەتی پەروەردە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند: “سەرکۆنەی هەموو کارێک دەکەین کە تایبەتە بە گزیکردن و رێکاری تایبەت و ئێمە هەموو ساڵێک رێکاری تایبەت بە خۆمان بۆ نەهێشتنی ئەو کارە هەیە، رێکاری پێویستمان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتەبەر کە قۆپی دەکەن.”
وتیشی:” ئەو کەسەی لەو کەناڵەوە رایگەیاندووە هەموو ساڵیک بە قۆپییە دەرچووە، هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەوە نییە، ئەو پەیمانگا ناحکومیەشی کە ئەو بەڕێوەبەریەتی لە وەزارەتی پەروەردە بە ناوی کەسێکی دیکەوەیە، بۆیە ناتوانین لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەین و ئەو دۆسیەیەش پێویستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زیاترە.”
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردوودا، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا مامۆستایەک، باسی گزیکردن و چونییەتییەکەی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بە باس کردووە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.