وەزیری تەندروستی هۆشداریی لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەوە دەدات
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی ئاگاداردەکاتەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی ڕەسمی کە ئیمزای سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی پارێزگا، ئیدارە و قەزاکان ئاگاداردەکاتەوە لەوەی ئامادەکاریی بکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ کە ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا راگەیەنراوە.
وەزیری تەندروستی دەڵێ” پێویستە بە وردی چاودێری هەموو گەشتیار و کەسێک بکەن کەوا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە وڵاتی بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان کاری پێویست ئەنجامبدەن بە تۆمارکردن و چاودێریکردنی رەوشی تەندروستییان لەکاتی ئێستا بۆ پشکنین و پەیوەندیکردن پێیان، دواتر لە رێکاری نوێ و پێشوەچوونەکان ئاگادارتان دەکەینەوە”.