هەولێر لە نێوان هەڵکشان و تێکشکاندا
لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوو، هەولێر بەچەندین قۆناخی جیاجیا تێپەڕیوە، من لێرە بە شێوەیێکی گشتی و کورت دابەشی سەر سێ قۆناخی دەکەم.
١ـ قۆناخی یەکەم: ساڵی ۱۹۹۱ تا ۲۰۰۰
دوای ڕاپەڕین بەشێکی زۆری ململانێ سیاسییەکان کەوتنە شاری هەولێر، بەو پێیەی هەولێر بوە پایتەختی سیاسی و پاشان وەک بڵێی سلێمانی بۆ یەکێتی و دهۆک بۆ پارتی یەکلابووبێتەوە، شەڕە قوڕسەکە لەسەر هەولێر بوو.
دوژمنیش تەرکیزێکی زۆری کردە سەر هەولێر “تەقینەوەکانی ساڵانی نۆهەتەکانی نێو بازاڕەکانی هەولێر” ئەوە دەسەلمێنن.
پاش هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆ لە قەڵادزێ و پەڕینەوەی بۆ سلێمانی و بادینان، هەموو لا، لەسەر ئەوە کۆک بوون شەڕ نەگاتە هەولێر بە دروشمی “حکومەت و پەڕڵەمان لە هەولێرن و با ئەم شارە پارێزراو بێت”.
بەڵام ئەم گوتەیەی بەڕێز نەوشێروان مستەفا هاوکێشەکەی گۆڕیی: “هەولێر کوێی موقەدەسە شەڕی تیا نەکرێت”
ئەوەبوو، هەولێر بووە گۆڕەپانی شەڕ و لە شارێکی موقەدەسەوە کرا بە گوندێکی گەورەی وێران.
“بەڕێز نەوشێروان، ماوەیێک دوای گوتەکەی سەرەوەی، گوتبووی هەولێر گوندێکی گەورەیە”
هەولێر ساڵانێکی زۆر سەختی تێپەڕاند.
۲ـ قۆناخی دووەم: ساڵانی ۲۰۰۱ تا ۲۰۱۰
دوای ئاشتبوونەوە و نەمانی شەڕی گەرم و شەڕی ساردی نێوان یەکێتی و پارتی، ڕووخانی ڕژێم، هەولێر پشویێکی کورتییدا و شارەکە سەبر سەبر لە ئاسەواری جەنگ و خوێن پاکدەکرایەوە و بەرەو هێمنی و ئارامیی و ئاوەدانی هەنگاوی دەنا، هەمدیسان دوژمنان سێرەیان لە هەولێر گرت و هەموو هەوڵی خۆیاندا ئەوشارە و خەڵکەکەی بە سەختی بپێکن، زنجیرە تەقینەوەکانی “ناوچەی هێزی ناوەخۆ، وەزارەتی ناوەخۆ، ئاسایشی هەولێر، یەکی شوبات” کارەکانی گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک شێخ زانا و هاوبیرانی، بۆ ماوەیێک ئارامیی هەولێریان تێکدایەوە.
لەم ساڵانە هەولێر لە شارێکی نا ئارامیی بریندارەوە هەنگاوی دەنا بەرەو ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانیی.
۳ـ قۆناخی سێیەم: ساڵانی ۲۰۱۱ تا ۲۰۲۰
لە دوای ساڵی ۲۰۱۰ ەوە، هەولێر بەخێراییەکی زۆز زۆر لە گەشەکردن و بەرەوپێشچووندا بوو، ئارامیی، ئاوەدانی، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی، باشتربوونی گوزەرانی خەڵکەکەی، هاتنی زۆری وەبەرهێنەر و ڕێکخراوی بیانی و کردنەوەی قونسڵخانەکان، پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی و کەرتی گەشتوگوزار. هەولێریان گەیاندە ئاستێکی نموونەیی لە پێشکەوتنی خێرا. لەم ساڵانەش هەمدیسان هەوڵدەدرا هەولێر بخزێندرێتە نێو کێشە سیاسییەکان.
چەند لایەنێک هەموو تواناکانیان خستە گەڕ، ئەو گرژیانەی لە سلێمانیی و دەروبەری هاتنەکایەوە بەهۆی دروست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان و ناکۆکییەکانی نێوان پارتە کوردییەکان بگوازنەوە هەولێر، لە لایێکی تر ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا گەیشتنە لوتکە و دواتر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە. ئەمەش هەر ئامانجی کەمکردنەوەی پێگەی هەولێر بوو.
دواتر هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد. لەمەش پشکی شێر بەر هەولێر کەوت، هەم هەڕەشەکان لە هەولێر نزیک بوون، هەم بەشێکی زۆری ئاوارەکان ڕوویان لە هەولێر کرد.
لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەریش هەڕشەکان بۆ سەر هەرێم سەرجەمیان بۆ هەولێر بوون.
هێرشەکانی سوپای عێڕاق و حەشد و ئێران لە پردێ، کاتیۆشاکانی حەشد لە موسڵ و پردێوە، مووشەکەکانی ئێران هەموویان ئاڕاستەیان لە هەولێر بوو.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش کە باسم کرد، بە بەراورد بە شارەکانی تری کوردستان و بگرە عێڕاقیش، هەولێر لە هەموو شارەکانی تر زیاتر پێشکەوتنی ئابووریی و بونیاتنانی بەخۆییەوە بینیوە. ئێستاش هەولێر ڕازاوەتریین و ئارامترین شاری عێڕاق و کوردستانە. بە بەراورد بەشارەکانی تری کوردستان داهات و دۆخی ئابووریی خەڵکی هەولێر لە ناوچەکانی تری کوردستان باشترە.
ناشاردرێتەوە، نادادیی و گەندەڵیی لە هەولێریش هەیە، وەک هەموو شوێنەکانی تری کوردستان و عێڕاق.
ئێستا دۆخی گوزەرانی خەڵک بە گشتی و مووچەخۆران بەتایبەت خراپە پاشەکشەی زۆری کردووە.
بەڵام خەڵکی ڕەسەنی هەولێر کە لە ئاشوریی و کلدان و تورکمان و کوردی شارنشین و گوندنشین پێکهاتوون، تێگەیشتنێکی باشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئابووری هەیە و زوو ناکەونە ژێر تەمومژی کاریگەریییە سیاسییەکان.
لە کوێش پێویست بێت هەڵوێستیان هەبووە و هەیە و لەمەش هەولێر پێشەنگە و باجی قوڕسیشی داوە.
تیرۆرکردنی عەبدڵخاڵق مەعڕوف لە هەشتەکان و د.نافع ئاکرەیی و نازدار بامەڕنیی لە نۆهەتەکان و فڕەنسۆ هەریری لە دووهەزارەکان و دەیانی تر…، لەو هەوڵانە بوون کە بۆ پاکتاوکردن و کپکردنی خەڵکی هەولێر دراون.
لە نۆهەتەکان ڕێپێوانەکانی بەردەم یوئێن و مانگرتن و خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ بەردەم پەڕلەمان دژ بە شەڕی براکوژی، خۆپێشاندانی نووسەران “خۆمان دەسووتێنین ئەگەر براکوژی نەوەستێنن”.
خۆپێشاندانەکانی زانکۆکان دژی نادادی و خۆپێشاندانی ملیۆن کەسی دژ بە لەشکرکێشی تورکیا لە ۲۰۰۳ و دەیان هەڵوێستی تر لە هەولێرەوە چەکەرەیان کردیە. بەهەڵوێستترین و ئازادتترین نووسەری کوردیش لە مێژوودا “عەبدووڵڵا پەشێوە” کە خەڵکی هەولێرە.
خەڵکی هەولێر خەڵکێکی ماندوون، لە هەمان کات، لە واقعی سیاسی کوردستان تێگەیشتوون و ئامادەنیین جارێکی تر شارەکەین ببێتەوە بە مەیدانی جەنگ و ئاڵۆزییەکان.
ئەسکەندەر زرار