كاروان كه‌لاری/ باڵكێش
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان، لەساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژيی دژی ژنان په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، كاتى کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ پياوان بووە مایەی هۆشیاری و بەخۆداچوونەوە “کە ناوماڵ تەنها شوێنی حەسانەوە نييه، بەڵکو شوێنی کار و هاوکاری و بەجێهێنانی ئەرکەکانیشمانە بەرامبەر دایک و خوشک و هاوژین و پەروەردەی منداڵەکانمان.”
دەشڵێت، “كوردستانيش وه‌ك هه‌موو جيهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت. ئافرەتان لە ماڵ و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکان، ئەرکێكى قورسيان کەوتە ئەستۆ.”
دەقی پەیامەکە:
لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژيی دژی ژناندا، جه‌خت له به‌رده‌واميى پشتگيرى له مافه‌كانيان و هه‌وڵ و کاری بەردەوام بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان دەکەینەوە. كوردستانيش وه‌ك هه‌موو جيهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت. ئافرەتان لە ماڵ و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکان، ئەرکێكى قورسيان کەوتە ئەستۆ.
ژنان لە بەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتیان و ڕێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش. دەستخۆشی لە پەرستار و پزیشک و کرێکار و کارمەندانی تەواوی دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکانی کوردستان و سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونيان ده‌كه‌م.
قەیرانی ئابووری و دارایی كه لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤيد_19ن، لەگەڵ گرژييه سياسييه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەگەڵ لايه‌نه په‌يوه‌ندداره‌كانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستی دەستکەوتەکانيان و نه‌هێشتنى توندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بينه‌وه.
توندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و ڕۆڵيان له نەهێشتنی توندوتیژيدا هه‌بێت. كاتى کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ پياوان بووە مایەی هۆشیاری و بەخۆداچوونەوە کە ناوماڵ تەنها شوێنی حەسانەوە نييه، بەڵکوو شوێنی کار و هاوکاری و بەجێهێنانی ئەرکەکانیشمانە بەرامبەر دایک و خوشک و هاوژین و پەروەردەی منداڵەکانمان.
ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەت دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە بۆ ئه‌م پرسه بە گوڕ و تینێکی زیاتره‌وه پشتگیریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن. ئافره‌تان دڵنیا دەکەینەوە کە هاوکاری و هەماهەنگیمان بۆ گه‌يشتن به ئاکامی باشتر بەردەوام دەبێت.
هيوادارم چالاکی و کارەکان تەنها لەم شازدە ڕۆژه‌دا قەتیس نەمێنن، بەڵکوو هەمووان پێکەوە بە ژن و پیاوەوە ڕۆژانە کار بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بۆ ئاشتی و یەکسانی و دادوەری، بكه‌ين.
هیوای سەرکەوتن و تەندروستی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٥/ ١١/ ٢٠٢٠