ئاوڕدانەوەیەک لە كەرتی تەندروستیی عێراق
هەر چەندە كەرتی ساغڵەمی بواری شارەزایی و پسپۆڕی من نییە، بەڵام لە كاتی سێرچ و چاودێری دۆخی سیاسی شێواوی وڵات و ناوچەكە، بەسەر بابەت و زانیاری وادا دەكەوم كە ناتوانم پەردەپۆشیان بكەم و بۆ هاووڵاتیانی مەینەتباری بەیان نەكەم.
لە پێش ئەوەی بچمە ناو باسەكەوە، پێم خۆشە ئەوە روون بكەمەوە كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكی دانەبڕاوی عیراقە و هەمان كێشە و كەمایەسی هەیە لە كەرتی ساغڵەمیدا، جگە لە كەرتی تایبەتی ئەگەر پێشووەچوونێك هەبێت.
لە چل ساڵی رابردوودا بە هۆی شەڕ و ململانێ بەردەوامەكانی رژێمی ئەوسای عیراق، كەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە پاشەكشەیەكی گەورەی بەخۆیەوە دیوە، جەنگی هەشت ساڵەی عیراق – ئێران و داگیركردنی كوێت و گەمارۆی ئابووری نێودەوڵەتی لەسەر عیراق و دوای رووخانی رژێم و داگیركردنی عیراق لەلایەن ئەمریكاوە، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئەو سێكتەرە كارەساتی گەورەی بەدوادا هات.
عیراق سەرەڕای ئەوەی وڵاتێكی نەوتی دەوڵەمەندە و خاوەنی دووەم یەدەگی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان، بە داخەوە كەرتی ساغڵەمی لە دۆخێكدایە ئیرەیی پێ نابرێت كە هێندە شپرزە و ماندووە، بە تایبەتی ئەم راستییە لەسەروەختی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا وەكو رۆژی رووناك بەدەركەوت.
ئەگەر سەیری ژێرخانی تەندروستی عیراق بكەین، وەكو شارەزایانی ئەو بوارە باسی دەكەن، ئەوا 90 % ئەو نەخۆشخانانەی لە عیراقدا هەن لە سەردەمی حكومەتەكانی پێش 2003 دروستكراون، تەنانەت هەندێكیان لە سەردەمی حوكمڕانی پاشایەتیشدا بنیاتنراون.
حكومەتەكانی دوای پڕۆسەی ئازادی یان «داگیركردنی عیراق لەلایەن ئەمریكییەكانەوە» وەكو خۆیان دەڵێن، نەیانتوانی سیستمێكی تەندروستی شایستە بە گەلی عیراق دابمەزرێنن. وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا، كە عیراق یەكێك لە وڵاتە زەنگینەكانی جیهانە، بەڵام بە پێچەوانەوە، لەسەر حسابی ئێش و ئازاری هاووڵاتیانی هەژار و بێدەرەتانی وڵات وەبەرهێنان لە كەرتی تەندروستیدا كرا، بە قۆرخكردنی بازاڕەكانی دەرمان و گەندەڵی لەو بوارەدا، كە دیارترین ئەنجامەكانی بڵاوبوونەوەی هەڵكشانی نەخۆشی شێرپەنجەیە لە عیراقدا، كە پێشتر عیراق ئاستی بەرزی وای لە تۆماركردنیدا بەخۆیەوە نەدیوە.
لەلایەكی ترەوە، ئەگەر چاوێك بە پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی ساغڵەمی لە بودجەی ساڵانەی عیراقدا بخشێنین، وەكو لە لێكۆڵینەوە و راپۆتە پەیوەندیدارەكاندا هاتووە، ئەوا دەبینین بە داخەوە عیراق یەكێك لە چرووكترین و رەزیلترین و دەستقایم واتە دەست داخراوترینیانە بۆ كەرتی تەندروستی ژیانی هاوڵاتییەكانی، بە شێوەیەك لە بودجەی ساڵی 2019دا لە 105 ملیار دۆلار تەنها 2.5 % تەرخانكراوە بۆ كەرتی ساغڵەمی، لە كاتێكدا ئەم رێژەیە زۆر كەمە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمانكاتدا زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) باس لەوە دەكەن كە لە 10 ساڵی رابردوودا ئەوەی حكومەتی ناوەندی عیراق بۆ كەرتی تەندروستی تەرخانكردووە، زۆر لە بودجەی تەرخانكراوی تەندروستی وڵاتانی دراوسێی كەمترە، لە كاتێكدا ئەوان لە عیراق هەژارترن.
بۆ زانیاری زیاتر، هەر بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، بەركەوتووی تاكی عیراقی لە بودجەی تەندروستیدا ساڵانە161دۆلارە، كە وڵاتانی تری نزیك لە عیراق وەكو ئوردن 304 دۆلار ساڵانەیە و لوبنان 649 دۆلارە، كە ئەمەش پێشهاتێكی سامناكە بۆ عیراقییەكان.
هەر بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی عیراق و پسپۆڕانی ئەو بوارە، عیراق كەمتر لە 2500 قەرەوێڵەی هەیە بۆ چاودێری ورد و هەوروەها ژمارەیەكی زۆركەم لە ئامێری هەناسەدانی دەستكردی هەیە كە لە سەردەمی كۆرۆنادا لە نەخۆشخانەكانیدا پێویستی زۆری پێی هەیە.
جگە لە كەمبوونی ئامێر و كەرەسەی پزیشكی و نەبوونی پزیشك و كارمەندی تەندروستی و گەندەڵی لە گرێبەستەكانی كڕینی دەرمان، زۆر هۆكاری تر هەن كە پێویستیان بە پلان و كۆنفرانس و كۆنگرەی گەورە تەنانەت نێودەوڵەتیش هەیە بۆ رزگاركردنی كەرتی ساغڵەمی عیراق بە هەرێمیشەوە لە رووخان و هەرەسهێنانی تەواو.
لەوانەش مەترسیدارتر، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە لە هەر 25 مناڵی عیراقدا یەك مناڵ لە پێش تەمەنی پێنج ساڵیدا بەهۆی خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە دەمرن.
لە كۆتاییدا، لە بەردەم ئەم مەشهدە تاڵ و سامناكەی عیراقدا لە بواری تەندروستیدا، خەڵكی دڵسۆز و بە توانای زۆر هەن كە چەندین پلان و پێشنیاری خێرا و گونجاویان بۆ كورت مەودا و درێژ مەودا خستۆتەڕوو، كە دەكرێت كاریان لەسەر بكرێت و فریادڕەسێكی خۆشدەست بن ئەگەر گوێیان لێ بگیرێت، لەو پێشنیارانە:
1. پێشخستنی بەرنامەیەكی زانیاریی وردی ئامار بۆ وەزارەتی تەندروستی بە شێوەیەكی گشتگیر و دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ساغڵەمی ئەلیكترۆنی.
2. پێویستە وەزارەتی تەندروستی ستراتیجێكی نوێ دابڕێژێت لەسەر بنەمای لامەركەزی لە پلاندانان و جێبەجێكردن و هاوبەشی و بەتایبەتی كردن و بیمەی تەندروستی … تد.
3. سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیكەری وەزارەتی تەندروستی لە رووی كارگێڕی و دارایی و تەكنیكیشەوە.
4. هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی عیراق و دەستنیشانكردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانەی دێنە رێی لە ئێستا و داهاتووشدا.
5. دانانی میكانیزمی نوێ بۆ هێنان و هەڵگرتن و دابەشكردنی دەرمان و ئامێرە پزیشكییەكان