236 ساڵ بهسهر دامهزراندنی سلێمانیدا تێدهپهڕێت مێژووهكهی بخوێنهوه
كاروان كهلاری/ باڵكێش
ئەمڕۆ 236 ساڵ بە سەر دامهزرانی شاری سلێمانیدا تێدەپەرێت، بهڵام هاوڵاتیانی ئهم شاره نیگهرانن له كهمی خزمهتگوزاری و بێكاری و شێوازی بهڕێوهبردنی ئهم شاره.
مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی
پێش ئەوەی بابانییەكان بیر لە دروستكردنی شاری سلێمانی بكەنەوە، ئیمارەتەكەیان لە گوندی (قەڵاچوالان) بوو، لەگەڵ بەرفراوانبوونی ئیمارەتەكە جموجوڵی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەكەدا دەستیپێكرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژی لەنێوان فارسەكان و عوسمانییەكاندا هەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیكی لە سنووری ئێرانەوە شوێنێك بوبووە مەترسی شەڕو پێكدادانی نێوان لەشكری فارس و عوسمانییەكان، بۆیە هەریەكە لە “نادر شاو سوڵتان مەحمودی یەكەم” لەهەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بەلای خۆیاندا رابكێشن.
كێشمەكێشی ناوخۆیش لەنێو بنەماڵەی بابانییەكان و ئیمارەتە كوردییەكاندا بۆ كورسی و دەستەڵات ئەوەندەی دیكە مەترسی لەسەر ناوچەكە دروستكردبوو، ئەمەش وایكرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (1781)ی زاینی بیری لەوە كردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێكی تر، بۆیە سەرای حكومەتی لەنزیك گوندی مەڵكەندی دروستكرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی (1783)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەكەی گرتەئەستۆو دەستیكرد بە دروستكردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (1784)دا لە دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، لەهەمان ساڵدا بابانییەكان پایتەختی ئیمارەتەكەیان گواستەوە سلێمانی.
لە ساڵنامەی (1955)ی سلێمانیدا كە لە رۆژنامەی” ژین”دا بڵاوكراوەتەوە هاتووە: “ئیبراهیم پاشای بابان خۆی حوكمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگی شوێنەكە و لەترسی هێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوكمداری ئێران كە گەلێ جار ویستویەتی هەڵمەت بەرێتە سەری دەستبەسەری بكات، بە ناچاری شاروشوێنی هەڵسوڕانی كاروباری وڵاتەكەی گواستەوە ئەم شوێنە كە ئێستا شاری سلێمانییە”.
شوێنی شاری سلێمانی
شاری سلێمانی دەكەوێتە نێوان هێڵی پانی (34–36) پلە لەسەر هێڵی كەمەرو هێڵی درێژی (45–46) پلە لە رۆژهەڵاتی هێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای كیشوەری ئاسیاو باكوری خۆرهەڵاتی كوردستانی عیراقەوە.
سلێمانی لە باكوری خۆرهەڵاتەوە بە زینجیرە شاخی ئەزمڕ كە (1702م) و گۆیژە (1524م) بەرزن و قەیوان دەورەدراوە، لە باشوورەوە چیای بەرانان كە (1373م) بەرزە دەورەدراوەو لە رۆژهەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەكات كە درێژییەكەی (45كم) و پانییەكەی (15كم) لە رۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە كە (911م) بەرزییەتی گەمارۆی داوە، شارەكەش (853م) لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزەو ئاووهەواكەی بە دەریای ناوەڕاستەوە كاریگەرەو لە زستاندا ساردو باراناوییەو هاوینیشی وشك و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەكی زۆریش لەنێوان پلەكانی گەرمای شەو رۆژو وەرزەكانی ساڵیدا بەدیدەكرێت.
لە یەكێك لە ژمارەكانی رۆژنامەی ژیندا ساڵی 1955 بەمجۆرە باس لە پێگەی جوگرافیای شاری سلێمانی كراوە:
“شاری سلێمانی مەركەزی لیوای سلێمانیە، لەسەرویەوە شاخی گۆیژەو ئەزمڕ لە خواریەوە روباری تانجەرۆو زنجیرە شاخی گڵەزەردە دەوریداوە، پانایی روەكەی (20) ملیۆن و (250) هەزار مەترەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە (60) هەزار كەس و خانووەكانی نزیكەی (7) هەزارە، شەش گەڕەكی سەرەكی تیایە (كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن) گەڕەكی جولەكانی جارانیش ئێستا خراوەتەسەر گەڕەكی سەرشەقام”.
هەر سەبارەت بە شاری سلێمانی رۆژنامەكە نوسیویەتی “لەناو شارەكەدا نەخۆشخانەیەكی گەورەو دوو موستەوسەف و شوێنی پاراستنی ساوایان هەیە (40) مزگەوت و (6) ئوتێل و (35) لۆقنتەو كەبابخانە (5) چایخانەی گەورەو بچوك، (13) دەلاكخانە، (10) حەمام، نزیكەی (2) هەزار دوكان لەگەڵ (3) بانكی تیایە (بانكی زراعی، عەقاری، رافیدەین).
گەڕەك و شوێنە مێژووییەكانی
شاری سلێمانی چەندین گەڕەك و ناوچەی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، دیارترین گەڕەكە مێژووییەكانی شاری سلێمانی گەرەكی كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەكی جوولەكانە، لە دیارترین شوێنە مێژوییەكانی شاری سلێمانیش، بەردەركی سەرایە كە میرەكانی بابان لەگەڵ دروستكردنی شاری سلێمانی جێگەیەكیان تەرخانكردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەڵاتەكەیان كە بە سەرا ناسراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیك مەحمودیشدا، سەرای سلێمانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستكراوە كە پێكھاتووە لە دوو نھۆم و 43 ژوور، چەندین جار كاری چاكسازی تیادا كراوە و پاشان تەرخانكراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قائیمقامیەت، ئێستاش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانییەوە نۆژەنكراوەتەوە و بۆتە یەكێك لە دیارترین شوێنە مێژویییەكانی سلێمانی .
شوێنە گەشتیارییەكانی
سەرباری بوونی چەندین شوێنی گەشتیاری و ھاوینە ھەوار لە شاری سلێمانیدا، بەڵام ھەریەك لە سەیرانگای سەرچنار و ھاوینە ھەواری دوكان، لە دیارترین ھاوینە ھەوارەكانی شارەكەن و ساڵانە سەدان ھەزار كەس لەناوخۆ و دەرەوە سەردانیان دەكات، باخی گشتیش یەكێكە لە شوێنە مێژووییەكانی سلێمانی كە دەكەوێتە خۆر ئاوای شارەكەوە و یەكەم باخچەی میرییە كە لە ساڵەكانی (1937-1939) لەلایەن مەجید یەعقوبی موتەسەریفی ئەو كاتەی سلێمانییەوە دروستكراوە.
شاری سلێمانی لە ھەرێمی كوردستاندا بە شاری رۆشنبیری دەناسرێت ئەوەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەكیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، كە ھەموو مەلا و زاناكان شاعیر و نووسەر بوون و رۆڵی مزگەوت و حوجرەش كەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ كوچكەی بابان، “نالی و سالم و كوردی” قوتابحانەی شیعری بابان-یان دروستكردووە و تا ئەمڕۆش كاریگەری گەورەیان لەسەر زمان و ئەدەبیاتی كوردی ھەیە.
جگە لەوەش زۆربەی نوسەر و ئەدیب و شاعیرانی كورد لە سلێمانیدا بوون كە دیارتینیان نالی، سالم، كوردی، مەولانا خالید، گۆران و تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، زێوەر، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و بێكەس و شێركۆ بێكەس و چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی ترن.
سلێمانی پێشەنگە
لەرووی گرنگیدان بە میدیا و رۆژنامەگەریشەوە شاری سلێمانی لە پێشەنگی شارەكانی ھەرێمی كوردستاندایە ھەر لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمرەوە سلێمانی شوێنی دەرچوونی چەندین رۆژنامە بووە، لەئێستاشدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی تێدایە و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەكی زۆریش رادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەكرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگاركێش و ھونەرمەندی شێوەكار ھەیە و بەبەردەوامیی لەم شارەدا چالاكییە ھونەرییەكان بەرێوەدەچن.
لەرووی گرنگیدان بە خوێندنیشەوە، شاری سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بووە و مێژوو ئەو شایەتیەی بۆ دەدات كە دروستكردنی یەكەم زانكۆ لە ھەرێمی كوردستاندا لە شاری سلێمانی بووە كاتێك بۆ یەكەمجار لەساڵی 1968 زانكۆی سلێمانی دامەزرا، سەرەتا تەنھا سێ كۆلێژی تێدا بوو، بەڵام ساڵانی دواتر ژمارەی كۆلێژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، لەساڵی 1981 رژێمی بەعس ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی راگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەكەشی گۆڕدرا بۆ “زانكۆی سەڵاحەدین”.
لەساڵی 1992 جارێكی تر زانكۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و كۆششی زۆری رۆشنبیران و زانستخوازانی كورد و خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی و لە ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەكەمی 1992 دا زانكۆ جارێكی تر كرایەوە، لە ئێستاشدا چەندین زانكۆ و كۆلێژی جیاواز لەناو شاری سلێمانیدا دامەزراون.
لە ئێستاشدا دوای تێپەڕبوونی 236 ساڵ بەسەر دامهزراندنی سلێمانیدا، هاوڵاتیانی ئهم شاره نیگهرانن له نهبوونی خۆمهتگوزاری و بێكاری و شێوازی بهڕێوهبردنی شارهكه و لهسهر ئاستی زۆرێك له بوارهكان چهقی بهستووه.