په‌رله‌مانی كوردستان: بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە دوایین ھەنگاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 12ی تشرینی دووه‌م، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌باره‌ی تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌یاسای قه‌رزه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، “بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە دوایین ھەنگاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین، کە بە بێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینە و بێ رەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان.”

دەقی ڕاگەیاندراوەكە

بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە دوایین ھەنگاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین، کە بە بێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینە و بێ رەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان، بەرەبەیانی ١٢ ی ١١ ی ٢٠٢٠ یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی پەسەندکرد. 

. ئەم ھەنگاوە، پێشێل کردنی گیانی پێکەوە ژیان و ھاوبەشییە و پێچەوانەی هێڵەگشتییەکانی رێککەوتنەکانی پێشووترە،هاوکات وەستانەوەیە دژ بە ھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماکانی دەستور. 

بۆیە وێڕای سوپاس و دەستخۆشی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراکسێۆنە کوردستانیەکان و سەرجەم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان کە یەک ھەڵوێست و ھاوڕا بوون بۆ رەتکردنەوەی بەشدار بوون لە دانیشتنی دەنگدان، رایدەگەیەنین کە بە ھەماھەنگی لەگەل سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و دوای پرس و راوێژی فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو رەھەندەکانی ئەم پێشھاتە لێک دەدرێنەوە و ھەلوێست و بریاری یەکگرتووانە دەگیرێتە بەر چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە و ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەش دەخاتە ئەستۆمان.. 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان 

١٢ ی ١١ ی ٢٠٢٠

ھەواڵی زیاتر