کوردستان

ترەمپ: ئێران لە پشت پەردەوە ئامادەیە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت

10-11-2026
ترەمپ: ئێران لە پشت پەردەوە ئامادەیە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئاشکرا، ئێران لە پشت پەردەوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تاران لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەردەوام ڕەتی دەکەنەوە واز لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بهێنن، بەڵام لە پشت پەردە و لە دانوستانە نهێنییەکاندا ڕازی بوون بەوەی هەرگیز دەستیان بە چەکی ئەتۆمی نەگات و دروستی نەکەن.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پرسی نەبوونی چەکی ئەتۆمی لە ئێران خاڵێکی سەرەکییە و بە ڕێژەیەکی بەرچاو تاران ئەمەی قبووڵ کردووە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی دانی پێدا نانێت.

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم واشنتن و هەڕەشە سەربازییەکان بۆ سەر تاران، ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە باشترین کەرەستە سەربازییەکان خۆی بۆ هەر سیناریۆیەک و پێشهاتێکی نەخوازراو ئامادە کردووە، بەڵام پێشبینی ناکات دۆخەکە بگاتە ئەو ئاستەی کە پێویست بە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی بکات.