سەرۆکی حکومەت: لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ رێککەوتین کە هەرێم وەکو یەک هەرێم و یەک میزانییە بۆ هەموو هەرێم تەرخان دەکرێت، ئەمەش جێی دڵخۆشیی ئێمەیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە "رێککەوتنی زۆر باش" لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و جەختی کردەوە کە "مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت."
ئەمڕۆ (چوارشەممە)، مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان هەبوو. جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، لەوانە شایستە داراییەکان و گەیشتینە ئەنجامی زۆرباش کە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستاندایە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر بابەتی بودجە رێککەوتوون و گوتی: "گەیشتینە ئەو رێککەوتنە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران کە مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت." هەروەها روونیکردەوە کە لەسەر شایستە داراییەکانی دیکەش میکانیزمی گونجاو دۆزراوەتەوە و تێگەیشتنی باش هەیە.
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی رێککەوتنەکە ئەوە بوو کە بودجە وەک یەک پاکێج بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت. بارزانی لەمبارەیەوە گوتی: "هەرێم وەکو یەک هەرێم و یەک میزانییە بۆ هەموو هەرێم تەرخان دەکرێت، ئەمەش جێی دڵخۆشیی ئێمەیە."
سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بارزانی رایگەیاند کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ئەو جۆرە هێرشانە کۆتاییان پێبێت. لەبارەی سیاسەتی نەوتیشەوە گوتی: "رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە سیاسەتێکی نەوتی لە هەموو عێراقدا هەبێت و ئێمە هاوبەش بین تێیدا."