دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان) لە هەولێر، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکە بەسەردەکاتەوە کە کۆرنیشی هەولێر دەگۆڕێت بۆ گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری و ژینگەیی.
ساڵێک و پێنج ڕۆژ لەمەوبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ـی دانا. ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بەپێچەوانەی زۆربەی پڕۆژەکانی جیهان کە دوای بەردی بناغە کاتیان دەوێت، لەم پڕۆژەیەدا تەنیا دوای 16 کاتژمێر ڕاستەوخۆ بە زیاتر لە 100 ئامێری قورس و سەدان کرێکارەوە دەست بە کارکردن کرا. ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، سەرۆکوەزیران بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونەکان، پڕۆژەکە بەسەر دەکاتەوە.
پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان لەسەر کۆرنیشی هەولێر دروست دەکرێت کە درێژییەکەی 25 کیلۆمەترە؛ دەستپێکەکەی لە شەقامی 150 مەترییە (بە دیاریکراوی لە گەڕەکی سەربەخۆیی و هەولێری نوێ) و تاوەکو ڕێگەکانی کۆیە، مووسڵ و مەخموور درێژ دەبێتەوە.
ڕووبەری پڕۆژەکە 135 هەزار مەتر دووجایە، کەناڵێکی کۆنکرێتیی بە درێژیی یەک کیلۆمەتری تێدایە و ڕووبەری پارک و سەوزایی لەم بەشەی ئێستادا دەگاتە 80 هەزار مەتر دووجا، هەروەها 60 هەزار مەتر سێجا ئاو لەخۆ دەگرێت.
پڕۆژەکە سێ دەریاچەی دەستکرد لەخۆ دەگرێت کە دەکەونە سەر شەقامی 150 مەتری، ڕێگەی کەرکووک و ڕێگەی مەخموور. بڕیاریشە چەندین خزمەتگوزاریی تێدا دروست بکرێت، لەوانە: پارک، شوێنی حەوانەوە، کافتریا، شوێنی وەرزشکردن، ڕێڕەوی پاسکیل، شوێنی ڕاکردن، شەش هۆڵ، 78 کۆشکی جۆراوجۆر، 39 چێشتخانە، چوار شوێنی یاریی منداڵان و چەندین گەراجی ئۆتۆمبێل.