کوردستان

لە کەرکووک خۆپیشاندان دژی گرانکردنی کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان کرا و 6 کەس بریندار بوون

02-11-2026
لە کەرکووک خۆپیشاندان دژی گرانکردنی کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان کرا و 6 کەس بریندار بوون
قەبارەی نووسین:
A A 21px

هاووڵاتییانی گەڕەكەكانی ئەسرا، واحید حوزەیران و مەفقودین لە شاری کەرکووک، لە ئێوارەی دوێنێ یەكشەممەوە هاتنە سەر شەقام و داوایان لە بەرپرسانی شارەكە کرد چارەسەری گرانبوونی نرخی ئەمپێری مۆلیدە بكەن كە بە بڕیاری لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان بەرامبەر هەر ئەمپێرێک 18 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت.

 خۆپیشاندانەكان گرژی لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە شەش پۆلیس بریندار بوون، پارێزگاری كەركووكیش داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد.

لە خۆپیشاندانەكاندا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، خۆپیشاندەران بە ئاگركردنەوە چەند شەقامێكیان داخست، هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی پارەی مۆلیدە لە سەرەتای مانگ، ئامادە نین پارەی مۆلیدە بدەن.


سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات، لەو كاتەی هێزە ئەمنییەكان هەوڵیانداوە دۆخەكە هێور بكەنەوە، شەش پۆلیس بە سووكی بریندار بوون كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەردیان تێ گیراوە. هەر پەیوەست بەم بابەتە، پارێزگاری کەرکووک داوای کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، سەبارەت بە هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە و چارەسەرکردنی کێشەکە.

بڕیاری گرانكردنی نرخی ئەمپێری مۆلیدە لەلایەن لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لەبەر دوو هۆكارە؛ یەكەمیان، لە مانگی ڕابردووەوە، پێدانی كارەبای نیشتمانی لە کەرکووک زۆر كەمبووەتەوە، مۆلیدەكان لە مانگێكدا زیاتر لە 300 كاتژمێر كارەبایان بە خەڵک داوە. دووەمیشیان: گازوایلی کەمتر بە مۆلیدەکان دراوە، مۆلیدەکان 300 کاتژمێر کارەبایان بە هاووڵاتییان داوە، بەڵام تەنیا بەشی 190 کاتژمێر گازوایلیان پێدراوە و لە بازاڕیش گازوایل زۆر گرانە و بەرمیلی گەیشتووەتە 280 هەزار دینار.