شەپۆلێکی نمەباران ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن.
کەشی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکەوە، پێشبینیی بارینی نمەبارانی پچڕپچڕ و دابەزینی پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت؛ کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەک سەرەتا لەسەر ناوچە سنوورییەکان بە نمەبارانی پچڕپچڕ دەردەکەوێت و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ نمەباران ناوچە جیاجیاکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پارێزگای دهۆک، ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، باشووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە.
لە هەندێک کاتی جیاوازدا ئەگەری بارینی نمەباران لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە کەرکووک هەیە.