کوردستان

لە عێراق دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستیپێکرد

01-11-2026
لە عێراق دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستیپێکرد
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوتی سپی لە چەند شارێکی عێراق دەستیپێکرد و پرسی دابینکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەخرێتە بەردەم عەلی زەیدی.

ئەمڕۆ لە عێراق دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵانی لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، دیوانیە و موسەننا و چەند شارێکی دیکە دەستپێکرد و هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی بە بڕی 15 هەزار دینار پێدەدرێت.

سەبارەت بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان. سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: ئاگادارین کەشوهەوای هەرێمی کوردستان تەواو گۆڕاوە و لە هەندێک ناوچە ساردبووە و سۆپا دادەگیرسێندرێت، بەڵام هێشتا رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەواو نەکراون.

دەشڵێت، داواکاری هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت لە وەزارەتی داراییە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەموو هەوڵێک دەدرێت تا ناوەڕاستی ئەم مانگە بەشە نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

پرسی دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتە بەردەم عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری لێدەدرێت. بڕیاریشە وەک قۆناخی یەکەم سەرەتا 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانە بکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای نزیکەی 300 ملیۆن لیتر نەوتی کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێبدرێت.