کوردستان

پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل لە قۆناخی کۆتاییدایە

25-10-2026
پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل لە قۆناخی کۆتاییدایە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئومێد خۆشناو: پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل و هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەت هاووڵاتییان.

پارێزگاری هەولێر، لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند: پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) کە هەردوو تونێلی گرنگی ماوەران و میراوە لەخۆدەگرێت، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئێستا کارکردن تێیاندا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

پارێزگاری هەولێر دەشلێت: ئەم پڕۆژە گرنگە لە چوارچێوەی دیدگا و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پتەوکردن و مۆدێرنکردنی ژێرخانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان و، خۆشبەختانە قۆناخەکانی کارکردن تێیدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و بێ کێشە جێبەجێ کراون.

ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، کە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ناوازەیە لە لایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی ئەنجام دراوە، کە تیایدا بەرزترین کوالێتی و ستانداردە ئەندازیارییە جیهانییەکان پەیڕەو کراون، ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنی توانای ناوخۆیییە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکاندا.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە دروستکردنی رێگایەکی خێرای دووساید بە درێژاییی 10 کیلۆمەتر، هاوکات هەردوو تونێلی ستراتیژیی میراوە و ماوەران لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی مۆدێرن بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، کە لە کاتی تەواوبوونیدا کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی، پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ئابووریی ناوچەکە دادەنێت.