ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بەرگریی لەو لێدوانانە کرد کە مستەفا محەمەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران دابووی، هاوکات نیگەرانیی خۆی لە تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی دژی محەممەداوی دەربڕی.
ئەم هەڵوێستەی ئەنجوومەنەکە لە دانیشتنێکی نائاساییدا هات، کە دوای دەرچوونی فەرمانی گرتن بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ساز کرابوو.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا، وونیکردەوە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە وەڵامی داواکاریی دەزگا کارگێڕییەکان، ئەمنی و سەربازییەکانی داوەتەوە و بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی بەربەستەکانی سەر رێگە، چووەتە شوێنی خۆپیشاندانەکان لە نزیک شارەدێی مشەرەح کە دەکەوێتە سەر رێگەی کێڵگەکانی بازرگان و پاڵاوگەی نەوتی میسان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، خۆپیشاندانەکان کە سێ رۆژ بەردەوام بوون، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کارەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکە هەبووە. ئەنجوومەنەکە جەختی لە هەستیاریی ئەو ناوچەیە و گرنگییەکەی بۆ ئابووریی عێراق کردەوە.
سەبارەت بەو لێدوانانەی بوونەتە هۆی جووڵاندنی دۆسیەی دادوەری، ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردەوە، لێدوانەکان لە قۆناخی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەردا بوون و ئامانج لێیان هێورکردنەوەی کاردانەوەی خۆپیشاندەران، کردنەوەی رێگەکە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی کارەکانی پاڵاوگەکە بووە.
ئەنجوومەنەکە نیگەرانیی خۆی لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دژی ئەو لێدوانانە دەربڕی و جەختی کردەوە، هەوڵەکانی محەمەداوی بوونەتە هۆی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگاکە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بەپێی بنەمای سازانی ئیداری، بەشێکن لە سیستەمی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە وڵاتدا.
ئەنجوومەنەکە داوای لە خۆپیشاندەران کرد خۆیان بگرن و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی نەبەن، جەختیشی کردەوە نوێنەرانی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگا بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی شەیب تا ئەو کاتەی رێکارە تایبەتەکان تەواو دەبن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد رەچاوی بارودۆخی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پارێزگاکە بکات و دەروازەی شەیبی بە سیی ئابوورییەکەی میسان وەسف کرد.
دانیشتنە نائاساییەکە دوای ئەوە دێت، دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەم کەرخی لە بەغدا فەرمانی گرتنی بۆ مستەفا محەمەداوی دەرکرد، ئەمەش لەسەر بنەمای سکاڵایەک بووە لەلایەن نووسینگەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانەوە پێشکەش کراوە، بەهۆی ئەو لێدوانانەی هەڕەشەی راگەیاندنی بێگوێڕایی مەدەنی و داخستنی رێگەکانی تێدا بووە، هەروەها مۆڵەتی سێ رۆژی بە حکوومەتی فیدراڵی دابوو بۆ کردنەوەی دەروازەکە.
پێشتریش سەرۆکوەزیران فەرمانی کردبوو لێکۆڵینەوە لەگەڵ محەممەداوی بکرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی یەکشەممەی رابردوو دابووی، کە بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هەڕەشەی بێگوێڕایی و بەکارهێنانی وشەی نەگونجاویان تێدابووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئێوارەی دوێنێ دووشەممە راگەیاند، هێزێکی ئەمنی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی گرتنەکە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بەڵام لەماڵەکەی خۆیدا نەبووە، لە کاتێکدا محەمەداوی رایگەیاند، ئامادەیە بە ویستی خۆی بچێتە بەردەم دادگا و دووپاتی کردەوە، ئەو کەسێکی یاساشکێن نییە.