ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی لە باشووری رۆژهەڵاتی بەندەری فاو لە عێراق کرایە ئامانج.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، رووداوەکە لە دووریی 30 میل دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی فاو تۆمارکراوە.
کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاند، "کەشتییەکە بە مووشەکێک پێکراوە". هاوکات دەستەکە دڵنیایی دا، سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی یان ژینگەیی لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا رووی نەداوە.
لە وەڵامی ئەو رووداوەدا، دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا داوای لە کەشتییەکانی دیکە کرد بە هۆشیارییەوە لەو ناوچەیە تێپەڕن و هەر چالاکییەکی گوماناوی بە خێرایی بە دەستەکە رابگەیەنن. لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی وردەکارییەکانی ئەم رووداوە دەستپێکردووە.