کوردستان

شەقامەکانی 120 - 150 بەیەکتر دەبەسترێنەوە

27-10-2026
شەقامەکانی 120 - 150 بەیەکتر دەبەسترێنەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان لە هەولێر، سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ بەستنەوەی هەردوو شەقامی 120 و 150 مەتری جێبەجێ دەکرێت.

کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: ئەم پڕۆژەیە دەبێتە یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی پەیوەندیکردن و بەستنەوەی نێوان شەقامی 120 و 150 مەتری، و جگە لەوەی رۆڵی دەبێت وەک رێگایەکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی.

لە لایەکی دیکەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی زیادە، دوو پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژایی 6500 مەتر و ئاوەڕۆی لولەیی بە درێژایی 35 هەزار مەتر لە هەولێر دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی، گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر بوجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابین کراوە و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێردا جێبەجێ دەکرێن، و ئێستاشدا لە قۆناخی جێبەجێکردندان.

پڕۆژەی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی لولەیی بە درێژایی 17 هەزار مەتر و ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە درێژایی دوو هەزار مەتر، کە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی شەقامی هەولێر - قوشتەپە دەکرێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی دووەمیش، بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی لولەیی بە درێژایی زیاتر لە 17 هەزار مەتر و ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە درێژایی 4500 مەتر، کە لە شەقامی 60 مەتری لە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێردا جێبەجێ دەکرێت.