قایمقامی ماکۆ لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، 150 سەر مەڕ و ماڵات بەهۆی تەرزە و لێدانی هەورەبروسکە تیاچوون و زیان بە ڕێگای بازرگان بۆ بۆرالان لەم ناوچەیەدا گەیشتووە.
شەهلا تاجفەر، قایمەقامی ماکۆ ڕایگەیاند، ئەم ڕووداوە لە ناحیەی بازرگان و لە دەوروبەری گوندەکانی مەلھەم و گوڵاڵی ڕوویداوە و سەرەڕای تیاچوونی 150 سەر مەڕ و بزن، 30 سەری دیکەش دیکەش بارودۆخیان خراپە و خەریکه مردار دەبنەوە.
کۆی گشتیی زیانەکان، بە نزیکەی پێنج ملیار تومەن خەمڵێنراوە، بەشێک لە ڕێگای پەیوەندیی بازرگان بۆ بۆرالان و ڕێڕەوەکانی نزیک ئەم دوو ڕێگایەش زیانیان بەرکەوتووە.
قایمقامی ماکۆ هاوکات هۆشداری لە ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاوی لە ڕۆژانی داهاتوودا داوە و جەختی لەسەر پێویستیی ئاگادارکردنەوەی خەڵکی گوندەکان و ئاژەڵداران لە مەترسییەکانی تەرزە، بروسکە و لافاو کردەوە.