ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

عەلی زەیدی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەکات

26-10-2026
عەلی زەیدی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەکات، کە هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگای میسانی لە عێراق کردبوو.

مستەفا دعێر عەبدولحەسەن سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر تا ئەم پێنجشەممەیە دەروازەی شەیب لەگەڵ ئێران نەکرێتەوە، ئەوا هەموو ڕێگاکانی پارێزگای میسان دادەخەن و پارێزگاکەیان لە عێراق جیا دەکەنەوە.

لە بەرانبەر ئەم ڕاگەیەندراوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: عەلی زەیدی، فەرمانی دەرکردووە، بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دعێر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، لەسەر ئەو لێدوانانەی دوێنێ یەکشەممە دابووی لەسەر دەروازەی شەیب، کە تێیدا هەم دەستەواژەی نەشیاوی بەکارهێنابوو، هەم هەڕەشەی ڕاگەیاندنی یاخیبوونی کردبوو لە ئەگەری وەڵامنەدانەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی شەیب.

 
دەروازەی سنووری شیب، دەروازەیەکی بازرگانی و گەشتیارییە لە نێوان پارێزگای میسان لەدیوی عێراق و وڵاتی ئێران، لە هەفتەی ڕابردوو، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی تەکنیکی و لۆجیستییەوە، هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ڕاگیرا و دەروازەکە داخرا.