Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
15-10-2026

تێچووی دەرکردنی پاسەپۆرت کرایە 101 هەزار دینار

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا، تێچووی پاسپۆرت لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار زیاد دەکرێت. بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لەم بارەیەوە دەڵێت: هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بۆ کاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی دەگەڕێنێتەوە. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە هاوبەشیی ئەم پرۆسەیە دەکات، بڕی 50 دۆلار بۆ کۆمپانیاکە و 25 هەزار دینار بۆ حکوومەت تەرخان کراوە. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی تێچووی گشتیی دەرکردنی پاسپۆرت بە بڕی 10 هەزار دینار زیاد بکات. ئەم رێکارە نوێیە بارگرانییەکی دارایی دیکەی بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە و ئەم بڕیارەش لەمڕۆوە لە سەرجەم ناوەندەکانی پاسپۆرتدا جێبەجێ دەکرێت.  

هەواڵ
15-10-2026

سی ئێن ئێن: ئەمریکا گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی دژی ئێران بەکار دەهێنێت

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە: ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی بۆمبی "جی بی یو-43/بی" ناسراو بە دایکی بۆمبەکان دژی ئێران دەکات. تۆڕەکە دەڵێت: سوپای ئەمریکا پلانی هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئامادەکردووە. جێبەجێکردنی ئەم پلانە پەیوەستە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. بەرپرسان بە سی ئێن ئێنیان گوتووە، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەکان کردووە بژاردەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامادە بکەن، کە لەنێویاندا لێدانی ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە هەیە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، ئەو ئامانجانەی دژی ئێران دیاریکراون، پێویستیان بە بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" هەیە. سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، بەکارهێنانی ئەم بۆمبە کە گەورەترین چەکی نائەتۆمییە لە جبەخانەی ئەمریکادا، دۆخەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی مەترسیدار. سەرەڕای ئەمەش، ئەو بەرپرسانەی لە وردەکاریی پلانە سەربازییەکان ئاگادارن، گومانی خۆیان لەبارەی کاریگەریی ئەم بۆمبە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتن نەشاردووەتەوە و هێشتا ئەم پرسە بەکراوەیی ماوەتەوە.

هەواڵ
14-10-2026

گەشتی عومرە بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆسەر سعودیە رادەگیرێت؟

بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە کاریگەریی نەبووە لەسەر گەشتی عومرە، هەر کاتێکیش هەست بە مەترسی بکەن گەشتەکان بۆ سعودیە رادەگرن. ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، "گەشتی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی و ئاسمانی بۆ سعودیە بەردەوامە، ئەو هەواڵانەش کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان دەکەن دوورە لە راستییەوە." بەڕێوەبەری حەج و عومرە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە هیچ پەیامێکمان بۆ نەهاتووە و پێمان نەگوتراوە بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی وڵاتەکەوە گەشتی عومرەکانی هەرێمی کوردستان رابگرین." ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، زۆربەی هێرشەکانی سەر سعودیە بۆ سەر شاری ریازە و هیچ پەیوەندییەکی بە شارەکانی مەککە و مەدینەوە نییە، عومرەکارانیش کاتێک دەچنە سعودیە لە فڕۆکەخانەی مەدینە دادەبەزن و ناچنە شارەکانی دیکە. سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی چەند گەشتێک بۆ سعودیە، بەڕێوەبەری حەج و عومرە روونی کردەوە، لە دوو هەفتەی رابردوودا هیچ گەشتێکی ئاسمانی و وشکانی بۆ سعودیە هەڵنەوەشاوەتەوە. حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێ، "بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئەگەر بزانین دۆخی وڵاتەکە ناسەقامگیرە، لەپێناو سەلامەتیی عومرەکاران گەشتەکان بە شێوەی وشکانی و ئاسمانی رادەگرین." مانگێکە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر شارەکانی سعودیە زیادی کردووە کە دوایینیان بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتی ریاز بوو کە بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لە دەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

هەواڵ
14-10-2026

زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت

لە قەزای سەیدسادق 253 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرا، و شارەوانی سلێمانیش رایگەیاند کە بەمزووانە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی رادەگەیەنرێت. پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە، و ئەمڕۆ لە قەزای سەیدسادق سەدان پارچە زەوی بەسەر سوودمەنداندا دابەش کران، لە کاتێکدا شارەوانی سلێمانی مژدەی راگەیاندنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەویی لە داهاتوویەکی نزیکدا راگەیاند. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ 253 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەیدسادق بە شێوەی تیروپشک دابەش کرا. لەم پرۆسەیەدا، 223 فەرمانبەر و خانەنشین، هەروەها 22 زیندانی سیاسی و 8 کەسوکاری شەهیدان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون. سەرۆکایەتیی شارەوانی سەیدسادقیش ئاشکرای کرد، دابەشکردنی زەوی بە گوێرەی خاڵبەندییە و بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ لە بەرزترین خاڵەوە بۆ کەمترین خاڵ بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە شاری سلێمانی، ئەنجوومەن حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لێژنەی باڵای دابەشکردنی زەوی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکارەکانی دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی زەوی تەواو دەکەن، و بە ئەگەری زۆرەوە لەم مانگەدا قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا رادەگەیەنن. گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا که لەم قۆناخەدا زۆرترین فەرمانبەر سوودمەند دەبن، چونکە رووبەرێکی زۆری زەوی دابین کراوە. هەروەها رایگەیاند کە بە کۆی گشتی پێویستییان بە 75 هەزار پارچە زەوی هەبووە، و تاوەکو ئێستا 27 هەزار پارچە زەوییان بەسەر فەرمانبەران دابەش کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا هەزاران پارچە زەوی دیکە دابەش دەکرێن.

هەواڵ
14-10-2026

قەدەخەکردنی سەرپۆش ناکۆکی دەخاتە نێوان تورکیا و ئازەربایجان

بریاری قەدەخەکردنی سەرپۆش، درز دەخاتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان. سەرەڕای ئەوەی تورکیا و ئازەربایجان دوو وڵاتی دۆست و لەیەک نزیکن بەڵام بریاری قەدەخەکردنی سەرپۆش لە ناوەندەکانی خوێندنی ئازەربایجان بووتەوە هۆی وەڵام دانەوەی یەکتر، لە دوای لێدوانەکانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە بڕیاری قەدەخەی سەرپۆش لە دامەزراوە پەروەردەیییەکانی ئازەربایجاندا، کاردانەوەی توندی لایەنی ئازەربایجانی لێکەوتەوە و ئەو لێدوانانە وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ وەسف کرا.  لێدوانەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئاکپارتی و تەنانەت سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وای لە کەناڵی فەرمیی ئازەربایجان کرد وەڵامی قسەکان بداتەوە، کەمال کلچدار ئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندووە، جیاکردنەوەی ئافرەتان بەوەی کە سەریان داپۆشراوە یان نا، کارێکی راست نییە. هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت سەرپۆش دابنێت یان نا، وتیشی، پشتیوانی و گەرەنتیی عەلمانییەت پەیوەندی بە باڵاپۆشیی ئافرەتانەوە نییە. لە دوای ئەم قسانە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەکرد، ئازەربایجان دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، دەستوور و نەریتی دەوڵەتداری خۆیەتی و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یان سیاسەتی پەروەردەیییەکەیدا بکات. راشیگەیاندووە، ئەم قسانەی بەرپرسانی تورکیا قبووڵکراو نین.  هاوکات کۆمەڵەی کاری پەیوەندیی نێوان پەرلەمانەکانی ئازەربایجان و تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە دروشمی یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت نابێت وەک پاساوێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئازەربایجان یان سەپاندنی ئایدۆلۆجیا و سیاسەتی دەرەکی بەکاربهێنرێت.

هەواڵ
14-10-2026

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بڵاوکرایەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دەڵێت، مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەرخان کراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی. ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.  سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و ئەنجامەکانی دانوستانەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. لەم بارەیەوە، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و ئەو دەق و پێشنیازانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو، پێشکەش کرد. دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، ئەنجوومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاراستە پێشنیازکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی دانیشتووانی ساڵی 2024، بریتییە لە 14.14% و دەبێت ئەم ڕێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا.  ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی. ٠ ئەنجوومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.  لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. ٠ مەبەست لەم بڕیارە، ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی داهاتەکانی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە داهاتەکانی ئەم سندووقە، بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.

هەواڵ
14-10-2026

پۆلیسی هەولێر بنکەکانی پۆلیس بە دیجیتاڵی دەکات

عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیاند: هەنگاوەکانی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردن دەستپێدەکەن و وەک هەنگاوی یەکەمیش سەرجەم کارەکانی بنکەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە دیجتاڵی دەکرێن گوتیشی، بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، جگە لەوەی رایی کردنی کاروباری هاووڵاتیان خێراتر دەکات، ئاسانکاری دەکرێت بۆ خێراتر دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان، لە رێگەی بەیەک بەستنەوەی سیستەمی دیجیتاڵی بنکەکان بە یەکتر هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو. بۆ نموونە ئەگەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر تۆمەتبارێک هەبێت، پێویست ناکات هاوکات سەردانی چەند بنکەیەکی پۆلیس بکات، بەڵکوو زانیارییەکان لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵی لەسەرجەم بنکەکان بەردەست دەبن. ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە پرۆژەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەدیجیتاڵکردن پڕۆگرامێکی سەرەکی ستراتیژی چاکسازی پۆلیسی کوردستانە، کە پرۆژەیەکی نیشتمانی وەزارەتی ناوخۆیە بە ئامانجی بەهێزکردنی متمانەی خەڵک و هاووڵاتییان و ئاسانکاری و خزمەگوزاری زیاتر..  

هەواڵ
14-10-2026

ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەب...

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.  لەبارەی تەوەر و خاڵەکانی کۆبوونەوەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هیچ زانیارییەکی دیکەی نەخستووەتەڕوو. 

گشتی
13-10-2026

'' من باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم ''

کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی نەسڕی سعوودییە، لە نوێترین دەرکەوتنی لەگەڵ کەناڵی CNNـی پۆرتوگاڵی رایگەیاند ئەو باشترین یاریزانی مێژووە، بەڵام هەر زوو ئەو دیمانەیە سڕایەوە. لە دیمانەیەکدا کە کەناڵی CNNـی پۆرتوگاڵی کە ئەمڕۆ 12ـی ئۆکتۆبەری 2026 بڵاویکرایەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ باس لە زۆر بابەت دەکات و گەرمترین باسی ئەو یاریزانەش بابەتی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە، دۆن لەو دیمانەیەدا دەڵێت '' "ئەگەر کەسێک مێسی، پێلێ یان مارادۆنای پێ باشتر بێت، ئەوە بڕیارێکی سۆزداریە و هیچی دیکە نیە ''. خاوەن پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' خەڵکانێک سەیری توانای جەستەیی من و هەروەها ئامانجەکانم ناکەن، ئەوەی دەڵێت کە من یاریزانێکی تەواو نیم راست ناکات، چونکە من کامڵترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم و بەبێ هیچ گومانێک من باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم ''. کریستیانۆ بەردەوام بوو لە قسە کردن و لەبارەی ئامارەکانیشی گووتی '' ژمارەکانی خۆیان دەدوێن، گەیشتن بە 1000 گۆڵ زۆر نایاب دەبێت و ئەمەش ئامانجێکی منە، هەرچەندە من زۆر دوور بیرناکەمەوە، هەروەها لەبارەی وادەی وازهێنانم دەمەوێت بڵێم کەس نازانێت سبەی چی روودەدات، لەوانەیە رۆژێک لە خەو هەڵسم و بڕیار بدەم کە چیدیکە لە یاری کردن بەردەوام نەبم . هەرچەندە ئەو دیمانەیەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە ماڵپەری کەناڵی CNN سڕایەوە و هۆکارەکەشی رووننەکراوەتەوە، بەڵام دەنگۆیەک هەیە کە دەڵێن ئەو دیمانەیە زۆر کۆنە و ئێستا بەشێکی نوێ کراوەتەوە.

گشتی
13-10-2026

چاوەکان لەسەر مەدریدن و مان یونایتد لە دۆخێکی خراپدایە

لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی یاریی دەکات. مەدرید یارییەکی بەهێز بەخۆیەوە دەبینێت، کاتێک هەردوو یانە بە دوو ئامانجی جیاواز رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی یاریی یەکەم و مانچێستەر یونایتد بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی دووەم سەرکەوتن. رۆخی بلانکۆس لە یاریی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول دۆڕاوە، بەڵام لە دوایین سێ یاریی لالیگادا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە و یەکەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات. رۆژی دووشەممە لەژێر سەرپەرشتی دیێگۆ سیمیۆنی تیپەکە دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و سەرجەم یاریزانانی تیپەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانە ئینگلیزییەکە ئامادەن. یانەی مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەچێتە مەدرید و بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی دەکات، چەندین یاریزانی یانەکە ئامادەنین و ئەستێرەیەکی تیپەکەش هێشتا گومانی لەسەرە. مانچێستەر یونایتد سەرەڕای ئەوەی لە یاریی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لە دوایین چوار یارییدا لەسەر ئاستی ناوخۆ هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. تیپەکە یەکەمجارە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو لە دوای ئەنجامدانی شەش یاریی پرێمەرلیگ، تەنیا یەک بردنەوەی هەبێت، ئەوە جۆرێک لە نیگەرانیی لای هاندەرانی تیپەکە دروستکردووە. لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکەدا، لە یارییەکەی ئەمشەودا هەریەکە لە کۆبی ماینۆ و لوک شاو پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، یارییکردنی برونۆ فێرناندێز، ئەستێرە و کاپتینی تیپەکەش بەتەواوی دیارنییە، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ شاندی یانەکە گەشتی کردووە. جگە لەوە ماتیاس دیلێخت و بێنیامین شیشکۆ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، ئەمەش ئەرکی مان یونایتد زیاتر زەحمەت دەکات. مانچێستەر یونایتد چوار یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دوو جار دۆڕاوە و لە دوو یارییدا یەکسانبوون.

گشتی
13-10-2026

ئارسیناڵ دەستبەرداری یۆکێرێش دەبێت

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، بیر لە دەستبەردابوون لە هێرشبەرێکی یانەکە دەکاتەوە و چەند یانەیەکیش چاودێریی دۆخی ئەو یاریزانە دەکەن. بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی ئامادەیە بیر لەو دەستەوارانە بکاتەوە، کە بۆ ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری سوێدی پێشکێشی یانەکە دەکرێن، بەتایبەت دوای ئەوەی یاریزانەکە شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بۆ کای هاڤێرتز لەدەستدا. بەپێی سەرچاوەکان، یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت بە دەستەوارەیەک کە نزیک بێت لەو 69 ملیۆن یۆرۆیەی کە یاریزانەکەی پێ کڕیووە دەستبەرداری هێرشبەرەکە ببێت. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەنەوە، بەڵام ئاماژە بە ناوی هیچ یانەیەک نەکراوە. جگە لەوەش چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئارسیناڵ ئامادەیە ئەو یاریزانەکە بکاتە بەشێک لە پلانی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز و ئامادەیە یاریزانەکە و بڕێک پارە بداتە ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە. ڤیکتۆر یۆکێرێش، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لە کۆی 6 یاریی بەشداریی لە 3 یارییدا کردووە و تەنیا 56 خولەک یارییکردووە، هیچ گۆڵێک و ئەسیستێکی نییە. هێرشبەرە سوێدییەکە تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ لە 2030 کۆتاییدێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ.

هەواڵ
13-10-2026

چەند پەیامێکی گرنگ لە مەزڵووم عەبدییەوە

مەزڵووم عەبدی دەڵێت، هەوڵدەدەین مافی کورد لە دەستووردا جێگیر بکەین و "لە رێککەوتنی 10ـی ئازاردا هاتووە کە دەبێ مافی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێت." مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە دیداری مێری رایگەیاند: "کێشەی زمانمان هەیە و هێشتا چارەسەر نەبووە ، بەڵام پێشکەوتن هەیە. دۆزێکی کوردی لە سووریا هەیە و ناوچە کوردییەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. بەڵام لە عەفرین و جزیرێ هێشتا کێشە هەن و دەبێت چارەسەر بکرێن." مەزڵووم عەبدی دەڵێت، شێوەیەکی متمانە لەنێوان ئەو و ئەحمەد شەرع دا دروست بووە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ دروستکردنی متمانەی تەواو "لەنێوان ئێمە و دیمەشق دا پێویستیمان بە کاتە." مەزڵووم عەبدی لەبارەی پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریا دەڵێت، "گەیشتووینەتە ئاستێک کە گەڕانەوە لێی نییە. بە ناسنامەی خۆمان تێکەڵی هێزەکانی سووریا دەبین. سووریایەکی نوێ بنیات دەنرێت و دەرفەتی باش بۆ گەلانی سووریا هەیە. لە هەمان کاتدا ئاستەنگیش هەن کە پێویستە تێیانبپەڕێنین."

1 2 3 4 5 6 ... 1142 1143