دادگای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، کە داوای کردبوو بەردەوامبوونی خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووریی لەقەڵەم بدات و ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر سێ سکاڵا کۆبووەوە کە تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان، سکاڵای یەکەم لەلایەن عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە تۆمارکرابوو، تیایدا داوای کردبوو بەردەوامبوونی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لەقەڵەم بدات، دادگاکە ئەم سکاڵایەی ڕەتکردەوە.
- دوو سکاڵاکەی دیکەش لەسەر کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون، تیایدا داواکرابوو حکومەتی کوردستان هیچ گرێبەستێک، دانانی باجی نوێ و هیچ بڕیارێکی دیکەی ستراتیژی نەدات تا پێکهێنانی کابینەی نوێ، دادگای فیدڕاڵی ئەم دوو سكاڵایەی بۆ 14-12-2026 دواخست.