ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ترەمپ هێرشێکی گەورەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران دواخست

21-10-2026
ترەمپ هێرشێکی گەورەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران دواخست
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەهۆی دژایەتیکردنی ترەمپ و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، پلانێکی هێرشکردنە سەر ئێران دواخرا.

بەگوێرەی زانیاریی سێ سەرچاوەی ئاگادار بۆ "فاینەنشیاڵ تایمز"، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاریی تەواوی کردبوو بۆ ئەوەی رۆژی 10ـی ئەم مانگە هێرشێکی گەورە بکاتە سەر ئێران. بڕیار بوو هێرشەکە چەند رۆژێک بخایەنێت و تێیدا وێستگەکانی کارەبا، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئامانجە گرنگەکانی حکوومەتی ئێران خاپوور بکرێن.

هۆکاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەم پلانە گەورەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، چونکە نەیویستووە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە هەڵبگیرسێت.

یەکێک لە سەرچاوەکان باسی لەوە کردووە، ئەمریکا دەیەوێت بە هەڕەشەی سەربازی ئێران ناچار بکات، تاوەکو لەسەر کێشەکانی گەرووی هورمز و پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی رێکبکەوێت. ئەو سەرچاوەیە گوتی، "یان رێککەوتن دەکرێت یان هێرش."

لەلایەکی دیکەوە ئانا کێلی جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی، دەڵێت، ئێران لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە زۆر لاواز بووە. هەروەها جەختی کردەوە، پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر ئێران.

لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و مۆڵەتی پشووی سەرجەم سەربازەکانی هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو رۆژی 27ـی ئەم مانگە کە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت. بەرپرسانی ئەمنیش لە ئیسرائیل ترسیان هەیە دەستپێکردنی جەنگ لەم کاتەدا، کاریگەریی خراپ لەسەر هەڵبژاردنەکان دروست بکات.`

ئیسرائیل ئێران بە مەترسییەکی ئەمنیی بۆ سەر خۆی دەزانێت و هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە بەرامبەردا، تاران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە و هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بە سەرپێچیکردن لە یاسای نێودەوڵەتی دادەنێت.

ئەم ناکۆکییانە کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازاڕی وزەی جیهان هەبووە، بە تایبەتی بەهۆی گرنگیی گەرووی هورمز بۆ گواستنەوەی نەوت.