کوردستان

شەپۆڵێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

21-10-2026
شەپۆڵێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە درەنگانی شەودا لە چەند ناوچەیەک هەورەبروسکە و باران بارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش بە ڕێژەی 1 بۆ 2 پلە نزم دەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زۆربەی کاتەکاندا هەوری تەواو دەبێت، لە ئێوارەوە ئەگەری هەورەبروسکە و باران بارینی کەم لە کات و شوێنی جیادا دەبێت. لە درەنگانی شەودا رێژەی دابارین زیاد دەکات، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، لەگەڵ باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راپەرین و بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.

کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات سبەی پێنجشەممە، ئاسمان هەوری تەواو بێت، لە کاتەکانی بەیانیشدا کاریگەریی باران بارین و هەورەتریشقە تا کاتەکانی نیوەڕۆ لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکان، بەشێک لە پارێزگای هەولێر، ئیدارەی راپەرین، بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامی دەبێت. لە دوای نیوەڕۆوە ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.