نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە بۆرسەدا رووی لە دابەزین کردووە و بووەتە 1020 دینار، بەرپرسی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەریش دادەبەزن.
لەم بارەیەوە، سالار محەمەد، بەرپرسی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند: "بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی زۆر هەرزان بووە و ئێستا لیتری بەنزینی نۆرماڵ لە بۆرسە بووەتە 1020 دینار و رەنگە لە بەنزینخانەکان ببێتە 1100 دینار."
سەبارەت بە بەنزینی موحەسەن و سوپەر، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، مادام نرخی بەنزینی نۆرماڵ دابەزیوە، بەدڵنیاییەوە نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەریش دادەبەزن، چونکە ئەو دوو جۆرە بەنزینە لە بەنزینی نۆرماڵ دروست دەکرێن، و رەنگە لە ماوەی دوو سێ رۆژی داهاتوودا نرخەکانیان دابەزن.
شایەنی باسە، پێشتر لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەولێر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 1375 دینار دەفرۆشرا.