سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بڵاو کردەوە و تێیدا سوپاسی پاڵپشتییەکانی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کارێکی هاوبەشیان لە پێشە و پێکەوە تەواوی دەکەن.
دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ترەمپ دەڵێت: "زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەم پشتیوانییە بێوێنەیەت. تۆ سەرکردەیەکی ناوازەی جیهانی ئازاد و ئەمەریکایت و بە گەورەترین دۆستی ئیسرائیل دادەنرێیت کە تا ئێستا لە کۆشکی سپیدا بووبێت یان لە داهاتوودا هەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان گوتی: ئێمە کارێکمان لە پێشە تاوەکوو تەواوی بکەین، وەک چۆن خۆت گوتت؛ پێکەوە کۆتایی پێ دەهێنین و هیچ کەسێکی دیکەش نییە بتوانێت ئەو کارە بکات.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە بە دەستی خۆی پەیامی پشتیوانییەکەی بۆ ناتانیاهوو نووسیوە و گوتی: "تۆ جەنگاوەریت؛ لەلایەن وڵاتەکەت و رەنگە هەندێکی دیکەشەوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵەت لەگەڵدا کرابێت، بەڵام تۆ جەنگاوەرێکی گەورەیت و بەمزووانە ئەوە دەسەلمێنین."
سەرۆکی ئەمەریکا پێشبینیشی کرد ناتانیاهۆ سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنێت و پێی گوت: تۆ ئەو پیاوەیت کە دەمەوێت لە تەنیشتم بێت.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، ناتانیاهۆ سەرنجی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد: "هاوپەیمانیی نێوانمان سەلماندی کە دەتوانین پێکەوە کاری مەزن بکەین. دەرفەتمان هەیە ئاشتی فراوانتر بکەین و 'رێککەوتننامەی ئیبراهیمی مێژوویی' کە لەسەردەمی سەرکردایەتیی تۆدا هاتە کایەوە، لەگەڵ وڵاتانی دیکەش پەرەی پێ بدەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا پرسی ئێرانی ورووژاند و گوتی: "پێویستە خەڵکی ئەمەریکا بزانن کە تۆ بەرامبەر گەورەترین مەترسی کە هەڕەشەیان لێ دەکات وەستاویتەتەوە، ئەویش ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمییە، ئێمەش هەرگیز رێگە نادەین شتی وا روو بدات."