ڕاپۆرت

پڕۆژەی فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و ئاژەڵان

20-10-2026
پڕۆژەی فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و ئاژەڵان
قەبارەی نووسین:
A A 21px

پڕۆژەی "فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان" یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ژینگەیی و زانستییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن کوردستان فاوندەیشنەوە جێبەجێ کراوە و ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاریی زانستییە دەربارەی ئاژەڵ و ڕووەکەکانی هەرێمی کوردستان.

لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٦، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و پێویست بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە دەستی بە کارەکانی کرد. پاشان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا پرۆژەکە خرایەگەڕ و وەک یەکەم بنکەی زانیاریی نیشتمانیی بۆ پاراستنی ژیانی کێویی ناسێنرا.

درێژەی بابەت

 پڕۆژەی فرەچەشنیی زیندەیی لە كوردستان لە لایەن كوردستان فاوەندەیشنەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی كۆكردنەوەی رێكخستن و پێداچوونەوەیە بە زانیاری زانستیی لەبارەی ئاژەڵ و رووەكەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم پڕۆژەیە داتا و سەرچاوە زانستییەكان و وێنەكان لە پلاتفۆرمێكی هاوبەشدا كۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەی خزمەت بە توێژەران و قوتابیان و ئارەزوومەندانی سروشت بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بكات.

تۆمارێکی هاوبەش دەربارەی ژیانی کێویی کوردستان

ماڵپەڕێکی تایبەت بە پڕۆژەکە بە ناوی (www.biodiversity.krd) کە دەبێتە بنکەیەکی زانیاریی نیشتمانیی متمانەپێکراو. تێیدا داتاکان کۆ دەکرێنەوە تاوەکو توێژەران، قوتابییان، ئارەزوومەندانی سروشت و ژینگەپارێزان سوودی لێ وەربگرن و کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی بۆ پاراستنی ژینگەی سروشتیی کوردستان.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، تاوەکو ئێستا 2252 جۆر ڕووەک و ئاژەڵ تۆمار کراون. ئاژەڵەکان بەسەر شەش گرووپدا پۆلێن کراون، کە پێکدێن لە 310 باڵندە، 60 شیردەر، 63 خشۆک، 48 ماسی، نۆ وشکاوەکی و 354 بێبڕبڕە. هێشتا ژمارەیەکی زۆری دیکەش ماون کە تۆمار بکرێن و تیمەکانی پڕۆژەکە بەردەوام کار لەسەر کۆکردنەوەیان دەکەن.

کتێبێکی زانستیی نوێ بە ناوی "شیردەرەکانی هەرێمی کوردستان" ئامادە کراوە، کە لەسەر بنەمای توێژینەوەی مەیدانی بڵاودەکرێتەوە.

دیدگای پرۆژەی فرەچەشنیی لە هەرێمی کوردستان

کۆکردنەوە، پشکنین، ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی داتاکانی فرەچەشنیی زیندەیی لە توێژەران، بڵاوکراوە زانستییەکان و سەرچاوە فۆتۆگرافییەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی دیجیتالیی بەردەستەوە؛ بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی توێژینەوە، پەروەردە، هۆشیاریی گشتی و پلاندانانی پاراستنی ژینگە لەسەر بنەمای زانیاریی پشتڕاستکراوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.

دەرئەنجام

دروستکردنی داتابەیسێکی زانستیی و نیشتمانیی بۆ جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئەو جۆرانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. ئەم جۆرە پڕۆژانە یارمەتیی حکوومەت و ڕێکخراوە ژینگەییەکان دەدەن کە پلان و ستراتیژیەتی باشتر بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە ڕاوکردنی نایاسایی دابڕێژن.