ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، خاوەنی ئەو قورئانە دۆزراوەتەوە کە لەسەر شەقامێکی هەولێر بە دڕاوی فڕێدرابوو و راستیی رووداوەکەی ئاشکراکردووە. خاوەنی قورئانەکە دەڵێت، رووداوەکە فڕێدانی قورئان نەبووە بەڵکو لێیان کەوتووە و دوایی پێیان زانیوە. دوو رۆژ پێش ئێستا لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر قورئانێک بە دڕاوی دۆزرایەوە، عەباس محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی چۆنێتی رووداوەکە بە گ رووداوی راگەیاند، پێشنوێژی مزگەوتی ئەڵڵاهوئەکبەر لە گەڕەکی کوردستانی هەولێر لە کاتی نوێژی بەیانی بە نوێژخوێنانی گوتووە، "لەسەر قورئانەکە دەمەوێت هەندێک زانیاریتان پێ بڵێم" و باسی ئەوەی کردووە کە، پیاوێک هاتووەتە لای و روونکردنەوەی بۆ داوە لەبارەی ونبوونی قورئانەکە و زۆر نیگەران بووە لە رووداوەکە، هەروەها بەپێی قسەکانی عەباس محەممەد مامۆستا ئایینییەکە شاهێدی ئەوەی داوە کە "کەسەکە ئەهلی نوێژ و مزگەوتە". لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە پێشنوێژی مزگەوتی ئەڵڵاهوئەکبەر گوتوویەتی: "دوو رۆژ پێش ئێستا دوای نوێژی تەراویح لە مزگەوت، پیاوێک لەگەڵ خێزانەکەیان لە شار دەڕۆنەوە بۆ گوند. لەکاتی بارکردنی هەندێ کەلوپەل قورئانێکیان لەنێو عەلاگەیەک داناوە و لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دایدەنێن، بەڵام دواتر بیریان دەچێت بیخەنەنێو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە، ئەوکاتەی دەگەنە گوندەکەیان بەدوای قورئانەکە دەگەڕێن، لەوێ بۆیان دەردەکەوێ کە لەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان بووە و جێیان هێشتووە و لە رێگە لێیان کەوتووە". شەوی پێنجشەممە ئافرەتێک بە ناوی بنار سرێشمەیی ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە کە چەند لاپەڕەیەکی قورئان بە دڕاوی لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر کۆدەکاتەوە، ئەوەش کاردانەوە و تووڕەبوونی بەشێک لە خەڵکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەدواداهات. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دڕاندن و فڕێدانی قورئان ئاماژەی بەوە کرد، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی کردەوەکە بدۆزنەوە. بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە "ڤیدیۆکە ساختەیە، رووداوەکە دروستکراوە و ئامانج لێی خۆدەرخستن و خۆبەربژێرکردنە بۆ پەرلەمان"، بنار سرێشمەیی لەو بارەوە بە رووداوی راگەیاند"ڤیدیۆی قورئانەکە نە سیناریۆیە نە بەنیازی خۆبەربژێرکردنم، سەر بە هیچ حزبێک نیم بە ئیسلامییەکانیشەوە، بە رێکەوت بەو شوێنەدا تێپەڕیم".
خاوەنی ''جان کافێ'' لە شەقامی سەھوڵەکەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لە بارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی سەماکردن لەبەردەم کۆشکەکەی بڵاوکردەوە. لە روونکردنەوەکە هاتووە: ''ئەم ئێوارە کاتژمێر هەشت، کوڕ و کچێکی بە رەگەز مەکسیکی لە ناکاو لە نزیک (جان کافێ) دەستیان بە سەما کردن کردووە، بۆ ھەموو لایەکی رون دەکەینەوە، ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە''. ئاماژەی بەوەشکردووە: ''بەداخەوە لە پاش ئەم رووداوە دەیان کەس بە نامەو راستەوخۆ ھەڕەشەیان لە ئێمە کردووە. بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین، بە ئەرکی خۆیان ھەستن''. ئەوەشی روونکردووەتەوە: ''لەگەڵ ئەوەشدا بە مافی خۆمان نەزانیوە کە ھیچ رێگرییەک لە سەما کردنەکەیان بکەین، چونکە شەقامێکی گشتییە، ئێمە مافی رێگری ھیچ جوڵە و ئاکارێکی خەڵکیمان نیە''. ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دوو گەنج سەمای ''لاتینی'' لە شەقامی سەهۆڵەکە دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە.
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەک سوکایەتیکردن بەپیرۆزییەکانی خەڵک، لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر بڵاوکراوەتەوە، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دڵنییا دەکەینەوە، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپردراون لەزووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و ڕەفتارە ناشایستیە کە ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە لەشارەکەمان دەدۆزرێنەوە و بەسزایی یاسایی خۆیان دەگەن.ئەو جۆرە ڕەفتارە ناشایستە و دوور لەبەها ئەخلاقییە، دوورە لە ئاکار و ڕەوشتی خەڵکی شاری هەولێر و بەهیچ شێوەیەک قابیلی قەبووڵکردن نییە و هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەنجامدانی بێت بە سزای خۆیان دەگەن. ئومێد خۆشناوپارێزگاری ههولێر2021.4.23
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 23 ی نیسانی 2021 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت.لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا کرا ، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە ، هەردوولا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد .هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستییبوون بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.هەروەها هەردوولا هاورابوون لە سەر ، گرنگیی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو . سەرۆکی حکومەت ، ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی حکومەت کرد بە ئاراستەی زیادکردنی داهات لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێکخستنەوە لە دارایی گشتیدا .سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دەورەی ئەمەریکا کرد کە پشتگیریی حکومەتی هەرێم بکات لە بواری تەکنیکی و هانی سەرمایەگوزاریی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان بدات ، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بانکیی و وەبەرهێناندا .لە درێژەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازییان لە دەرکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد . سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا ، کە حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بەغدا بە زووترین کات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. پابەندبوونی حکومەتی هەرێمیشی بە یاساکە دووپات کردەوە . سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە یارمەتیدانی هەولێرو بەغدا بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە . هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، کە بە عێراق دەدرێت .لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا ، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقيان تاووتو] كرد . هەردوولا نيگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووەکان دەربڕی کە کێشە و ئاستەنگ بۆ هاوبەشیی ئەمەریکا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دروست دەکەن کە ئامانجی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە .لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگال کردەوە .
دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆيدا دەرکەوت بێ ڕێزی بە قورئانی پیرۆز کراوەو لاپەرەکانی بڵاو کراونەتەوە، ئێمە لەوەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بەتوندی ئیدانەی ھەرکارو کردەوەیەکی لەم شێوەیە دەکەین کەئەوپەری کارێکی ترسنۆکانەو تێکدەرانەیە، لەکاتی رووداوەکەشدا وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی لەگەڵ دەزگا پەیوەندی دارەکان لەسەر ھێڵ بووە بۆ دۆزینەوەی بکەری ئەم کردەوەیە دوور لەبەھا ئایینە، لێرەوە جەخت دەکەینەوە لەمامەڵەی یاسایی و بە بەسزا گەیاندنی ئەوانەی دەیانەوێ بێ رێزی بە قورئانی پیرۆز بکەن وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی23/4/2021
بارەگای بارزانی ڕاگەیەنراوێک لەبارەی دڕاندن و فڕێدانی قورئانی پیرۆز لە ھەولێر بڵاو دەکاتەوە و ڕایەکدەگەیەنێت: ھەرکەس و لایەنێک لەپشت ئەو کارەوەبێت دەبێ سزا بدرێت. دەقی راگەیەندراوەكە: ڕاگەیەندراوێك لە بارەگای بارزانی شەوی ڕابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەند دیمەنی لاپەڕەكانی قورئانی پیرۆز بڵاوكرانەوە كە زۆر بە داخەوە بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر فڕێدرابوون. سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی خەڵك بابەتێكی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە و، هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو كردە نابەجێیە بێت ئامانجی تێكدانی ئاساییش كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە و، پێویستە بە سزای خۆی بگات. ئەوەی ڕووی داوە بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵێكی سوورە و، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن و دەبێ ڕێگە لەو جۆرە تاوان و ڕەفتارە ناشاییستانە بگیرێت. بارەگای بارزانی٢٣ـی نیسانی ٢٠٢١
مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - بنکەی پۆلیسی سەرچنار تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بەفیشەک کەسێکی بریندار کردبو. پاش ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تۆمەتبارێک تەقەی لەکەسێک کردو برینداریکردو دواتر ھەڵات، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد. پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار (ر، پ، ز لەدایکبووی ١٩٩٤) دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئەو چەکەدا کە تۆمەتبار لەکاتی تاوانەکەیدا بەکاریھێنابو. لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەو بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (٤٢٢) ١. پشکنین: (٨٣٥١ پشکنینی نوێ)• (٢٠١٥) هەولێر• (٢٦٧٧) سلێمانی• (٢٨٦٢) دهۆك• (٢٠٠) هەڵەبجە• (٥١٧) گەرمیان• (٨٠) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: (٩٥٢ تووشبووی نوێ)• (١٩٩) هەولێر• (٣٠٤) سلێمانی• (٣٨٩) دهۆك• (١٠) هەڵەبجە• (٤٣) گەرمیان• (٧) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: (٧٩١ چاکبوون)• (١١٩) هەولێر• (٣٢٧) سلێمانی• (٢٥٩) دهۆك• (٨) هەڵەبجە• (٥٨) گەرمیان• (٢٠) ڕاپەڕین•٤. مردن: (١٢ مردن)• (٢) هەولێر• (٤) سلێمانی• (٥) دهۆك• (٠) هەڵەبجە• (١) گەرمیان• (٠) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ١٥٨٦٢٦٨ (٥٥٥٩٤٢ هەولێر، ٣٦٠٣٥١ سلێمانی، ٦٥٩٢٩٠ دهۆك، ١٠٦٨٥ هەڵەبجە)تووشبوون ١٤٤٦٧٥ (٤٧٤٤٨ هەولێر، ٤٣١٤٨ سلێمانی، ٥٠٦٩٨ دهۆك، ٣٣٨١ هەڵەبجە)چاکبوون ١٢١١٦٤ (٤٠٣٢٨ هەولێر، ٣٤٣٤١ سلێمانی، ٤٣٤٧٣ دهۆك، ٣٠٢٢ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ١٩٥٧٩ (٦٠٣٩ هەولێر، ٦٩٨٣ سلێمانی، ٦٣٤٢ دهۆك، ٢١٥ هەڵەبجە)مردن ٣٩٣٢ (١٠٨١ هەولێر، ١٨٢٤ سلێمانی، ٨٨٣ دهۆك، ١٤٤ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٢٣ی نیسان ٢٠٢١
لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە، شێرێک خاوەنە تەمەن٢٥ ساڵانەکەی دەکوژێت و دواتریش شێرەکە دەکوژرێت. ئەم ڕووداوە لە سعودیە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و بەشێک لە خەڵکی سعودیە داوادەکەن بەخێوکردنی ئاژەڵە دڕندەکان قەدەغە بکرێ. شێرەکە لەکاتی ڕاھێناندا ھێرشیکردووەتە سەر خاوەنەکەی و کوشتویەتی. رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵانی ئە وڵاتە داوا دەکەن خەڵکی وڵاتەکە دەست لە ماڵیکردن و زیندانیکردنی ئاژەڵان ھەڵبگیرێ.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە رووداوی تەقەکردنەکەی دریم سیتی شاری هەولێر هیچ کەسێک بریندار نەبووە و نەکوژراوە. موقەدەم هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، شەڕە تەقە لەنێوان چەند گەنجێک لە دریم سیتی شاری هەولێر روویدا، بەڵام سوپاس بۆ خوا ڕووداوەکە کوژراو و برینداری لێنەکەوتەوە. وتەبیژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، چەند میدیایەک، گرتەی ڤیدیۆی تەقەکردنەکەیان بڵاو کردەوە، وایان خستەڕوو کە لە ڕووداوەکە دووکەس کوژراوە، بەڵام ئەمە دوورە لە راستی و ھیچ کەسێک بریندار نەبووە و نەکوژراوە. هۆگر عەزیز وتیشی، رووداوەکە لەسەر دەماقەڵەی نێوان چەند کەسێک بووە، سکاڵاش تۆمارکراوە و پۆلیسی هەولێر ئەو کەسانە دەستگیردەکات کە لە تەقەکردنەکەدا بەشدار بوون.
بەهۆی ڕووداويکی تەقەکردن لە شاری خەونەکان(هەولێر) دوو کەس کوژران. زانیاری زیاتر..
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەولێری کرد و پشتگیریی هاوپەیمانانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە لە گەڵ حکومەتی عێراق، لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و کۆتاییان بێت.لە دیدارەکەدا هەروەها، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵی کرایەوە.باڵیۆزی بەریتانیا، ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئامادەیی وڵاتەکەشی ، بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێم دەربڕی.سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی هەڵوێستی بەریتانیا و هاوپەیمانانی کرد و داوای کرد، حکومەتی فیدراڵی، پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تایبەت بە یاسای بودجەی گشتیی، جێبەجێ بکات و بەشە بودجەی هەرێم، لە ئایندەیەکی نزیکدا بنێرێت.هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.