خاوەنی ''جان کافێ'' لە شەقامی سەھوڵەکەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لە بارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی سەماکردن لەبەردەم کۆشکەکەی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکە هاتووە: ''ئەم ئێوارە کاتژمێر هەشت، کوڕ و کچێکی بە رەگەز مەکسیکی لە ناکاو لە نزیک (جان کافێ) دەستیان بە سەما کردن کردووە، بۆ ھەموو لایەکی رون دەکەینەوە، ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە''.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ''بەداخەوە لە پاش ئەم رووداوە دەیان کەس بە نامەو راستەوخۆ ھەڕەشەیان لە ئێمە کردووە. بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین، بە ئەرکی خۆیان ھەستن''.
ئەوەشی روونکردووەتەوە: ''لەگەڵ ئەوەشدا بە مافی خۆمان نەزانیوە کە ھیچ رێگرییەک لە سەما کردنەکەیان بکەین، چونکە شەقامێکی گشتییە، ئێمە مافی رێگری ھیچ جوڵە و ئاکارێکی خەڵکیمان نیە''.
ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دوو گەنج سەمای ''لاتینی'' لە شەقامی سەهۆڵەکە دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە.